بە بڕیاری سەرۆکەکەیان کۆمەڵی دادگەری ئەندامەکانی لە ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی دەکێشێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، “لە سۆنگەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان و بە ناچاریی درێژکردنەوەی تەمەنی دامەزراوەکانەوە لەکەیەکی گەورە لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان پەیدابووە و ترسی جددیش بەهۆی کێشە و قەیرانەکانەوە لەسەر قەوارەکەش دروست بووە، لەلایەکی دیکەشەوە تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانییش هەر ماوەیان بەسەرچووە و، لەو رووەوە لە پەرلەمان جیاوازیی نییە”.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ” بە پێویستمان زانی لە کۆبوونەوەی گشتیی ئەمڕۆدا سەرجەم نوێنەرانمان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێی سلێمانی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بکەن”.