یەكێتی و گۆڕان: لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوانەکەوێت

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ دووشەممە لە دەباشان كۆبوونەوە و بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، چۆنییەتی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا قسەی لەبارەوە کراوە و جەختیان لەوە كردووەتەوە كە نابێت هەڵبژاردن دوابخرێت.

راگەیەندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، “بە بۆنەی جەژنی کرێکارانەوە؛ پیرۆزبایی لە کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان کرا و جەختیان لە گرنگیی جێبەجێکردنی یاسای کاری نوێ کردەوە بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ئەو چینە گرنگەی کۆمەڵگە”.

دواتر بەوردی باس لە رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و وەك راگەیەندراوەكە ئاشكرایكردووە، “هەردوولا جەختیانکردەوە کە ئەم رەوشە سیاسییەی لە ئێستادا دەگوزەرێت نە لە بەرژەوەندیی خەڵکە و نە جێی رەزامەندیی هیچ لایەکە، بۆیە پێویستە هەمووان هەوڵی باشکردن و رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بدەن و تەبایی نێوخۆیی بەرپابکەنەوە”.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە هەردوولا هاوڕابوون لەوەی پێویستە یەکێتی و گۆڕان تەباتربن و پلانی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان دابڕێژنەوە، بە شێوازێک کە لەگەڵ ئەم قۆناغە و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکاندا بگونجێت و لە ئاستی چاوەڕوانیی هاوڵاتییانیشدا بێت.

راشیگەیاندووە، “کۆبوونەوە هەڵسەنگاندنێکی بۆ شێوازی خزمەتگوزاری کرد و جەختیکردەوە كە خزمەتگوزارییەکان لەو ئاستەدا نین کە پێشتر پلانیان بۆ دانراوە و ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوە و هەڵوەستەکردن هەیە، لەپێناو باشترکردنیان و دەبێت سیاسەتێکی نوێ هەبێت کە جیاکاری و ناعەدالەتی نەهێڵدرێت”.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و ڕێڕەوی گفتوگۆکان لەوبارەیەوە گەیشتوونەتە چ ئاستێک، هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردوەوە کە؛ پێویستە چی زووە رێککەوتن و سازانی لەبارەوە بکرێت و لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوانەکەوێت.

بابەتی پێشتر

داوا لە هاوڵاتییان دەكرێت بە پەلە هێلكە وەربگرن

بابەتی دواتر

تێچووی حەجی ئەمساڵی دیاریکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share