بنەماڵەی كاوە بازیانی روونكردنەوەیەك لەسەر برینداربوونی كاوە ئەحمەد تۆفیق ناسراو بە”كاوە بازیانی” بڵاودەكەنەوە و دەڵێن:”ئێمە سكاڵای یاساییمان تۆماركردووە و بڕوای تەواومان بە توانای هێزە ئەمنییەكان هەیە كە تۆمەتبار رووبەڕووی یاسا بكەنەوە و سزای ئەو كارە نا مەردانەیەی وەربگرێت”.
سەر لە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە،لە قەزای بازیان لە لایەن تۆمەتبارێكەوە تەقە لە كاوە بازیانی كەسایەتیی عەشیرەتی كافرۆشی كراوە، بەڵام دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە چارەسەری پێویستی بۆ كرا و لە ئێستادا لە ژێرچاودێریی وردی پزیشكدایە.
هاوكات بنەماڵەكەی لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەیان بەوەشكردووە كە كاوە بازیانی لە ساڵی 1978وە لە ریزەكانی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ خزمەتكردن و پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان چەكی پێشمەرگایەتی كردووەتە شان و تا ئێستا و بەبێ دابڕان لە ئەركە پیرۆزەكەی بەردەوام بووە.
لە روونكردنەوەی بنەماڵەكەدا هاتووە، بە پێویستی دەزانین لێرەوە بە ڕایی گشتی ڕابگەیەنین كە ئێمە سكاڵای یاساییمان تۆماركردووە و بڕوامان بە توانای هێزە ئەمنییەكان هەیە كە تۆمەتبار رووبەڕووی یاسا بكەنەوە و سزای ئەو كارە نا مەردانەیەی وەربگرێت”.
هەر لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، “داواكارین لەو سایت و پەیجانەی هەواڵی ساختە و بێ بنەمایان بڵاوكردووەتەوە لەسەر ئەم ڕووداوە، هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن و چیتر هەواڵی ناڕاستی گیان لەدەستدانی كاك كاوە بڵاونەكەنەوە، چونكە ناوبراو لە ژیاندا ماوە و پێویستی بە دوعای خێری هەموو لایەكە نەك بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاری ناڕاست، بە مافی خۆشمانی دەزانین كە سكاڵای یاسایی لەسەر هەموو ئەو دەزگا و سایتانە تۆماربكەین كە هەواڵی ناڕاستییان بڵاوكردووەتەوە”.