روونكردنەوەیەكی بەپەلە لە بانكی هەرێم لە سلێمانییەوە

بەرێوەبەرایەتیی گشتیی بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە كە بڕیاری راگرتنی مووچەی توێژێكی دیاریكراو لە سلێمانی درابێت دەشڵێت، “نازانین بە چ دەسەڵات و بە چ ویژدانێك فەرمانی راگرتنی مووچە دەردەكەن”.

بەپێی راگەیەندراوێكی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی بانكی ناوەندیی هەرێم لە سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، “بە رایگشتی و سەرجەم فەرمانبەران و هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان رادەگەیەنین ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە لەبارەی راگرتنی مووچەی توێژێكی دیاریكراو لە سنووری سلێمانی راست نین و ئێمە پێشتر چەندینجار رامانگەیاندووە كە؛ كێشەی كەمیی داهات و پارەی نەختینەمان هەیە و بە هیچ بڕیارێك یا نییەتێكی خراپ قسەمان لەسەر راگرتنی مووچەی كەس نەكردووە و ئەوە ئیتیكی ئێمە نییە”.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەوەی سەیرە بەلامانەوە كە بەڕێوەبەری گشتیی بانكە بازرگانییەكانی هەرێم، لە كەناڵەكانی راگەیاندن ئاماژەیان بەوە داوە كە ئەوان فەرمانی ئەوەیان داوە كە دابەشكردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر راگرن، ئەمەش پێچەوانەی سەرجەم رێكارە ئیداری و یاساییەكانە، نازانین بە چ دەسەڵاتێك و بە چ وێژدانێك ئەم فەرمانەی دەركردووە، بۆیە داوای لێپرسینەوەی لێدەكەین لەسەرووی خۆییەوە”.

بانكی هەرێم لە سلێمانی جەختدەكاتەوە، بە رایگشتی رادەگەیەنین بە فەرمانی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ مووچەی مانگی شوبات و ئازار لەگەڵ بودجەی سیادی داوای 181 ملیار دینار لە ئیدارەی سلێمانی كراوە، ئەمە لەكاتێكدا لەماوەی رابردوودا بە چەندین یاداشت وەزارەتمان ئاگاداركردووەتەوە لە دۆخی داهاتی دارایی ئیدارەی سلێمانی كە لەتوانایدا نییە بڕی داواكراو دابینبكات بۆ مووچە پێش جەژنی رەمەزانی پیرۆز، بەڵام بە هەند وەرنەگیرا.

بانكی هەرێم راشیدەگەیەنێت، ” بە بیری خەڵكی بە شەرەفی كوردستان و فەرمانبەرانی خۆشەویستی دەهێنینەوە كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكە بازرگانییەكان و وەزارەتی دارایی بە دەم چارەسەری گرفتی مووچەخۆرانی هەرێمەوە نەهاتن تا ئەو كاتەی كورتهێنان لە مووچەی خانەنشینيی پێشمەرگەی ئەیلول و گوڵان روویدا، هەروەك بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی وەك شارەوانی و گەشتوگوزار ئاوەدانكردنەوە و خانەنشینی پێشمەرگە دروستبوو، بەڵام نەهاتنە دەنگ كەچی بە خەمێكی قوڵ و داخێكی گران ئەمڕۆ هاتنە سەرخەت چونكە توێژێكی تایبەت مووچەكانیان كەمێك دواكەوت.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، دووبارەی دەكەینەوە كە بەر لە سەرەتای دروستبوونی گرفتەكە نووسراوی فەرمیمان ناردووە بۆ وەزیر و سەرجەم لایەنی پەیوەندیدار كە مووچەی تێكۆشەرانی خانەنشینيی ئەیلول و گوڵان بە هیچ شێوەیەك نەوەستاوە و تاوەكو ئێستا دابەشدەكرێت وەك لە خشتەی فەرمی بڵاوكراوەی وەزارەتی دارایی دیاریكراوە و لە ئێستاشدا ئامادەیی تەواومان هەیە بە بوونی پارەی نەختینەیی پێویست لە بانكەكانی سنوورەكە تا درەنگانی شەو و لە رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆزیش مووچە دابەشبكرێت و هیچ جیاكارییەك لەهیچ شەریحەیەك نەكراوە لەدابەشكردنی مووچە بەسەر سەرجەم چین و توێژەكان بە تێكۆشەرانی خانەنشینيی پێشمەرگە و ئەیلول و گوڵانیشەوە.

بابەتی پێشتر

كاروان گەزنەیی: پارێزگای سلێمانی لەژێر گەمارۆیەكی مەترسیداری حكومەتدایە

بابەتی دواتر

سەرۆکی پێشووی دیوانی وەقفی سوننی دوای دەستگیرکردنی گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share