لە ئەلبانیا خواست لەسەر شیری گوێدرێژ زیادیكردووە و خەڵکی ئەو وڵاتە پێیانوایە لە پەتای كۆرۆنا دەیانپارێزێت.
هۆكاری زۆربوونی خواست لەسەر شیری گوێدرێژ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاریگەرییەی لە بەهێزكردن و چالاككردنی بەرگریی لەشدا هەیەتی.
بە گوێرەی ئەنجامەكانی توێژینەوەیەكی ئەمریكی كە پێشتر لە ماڵپەڕی “Top10Homeremedie”دا بڵاوكرابووەوە، شیری گوێدرێژ ڕێژەیەكی بەرز لە پرۆتین، كالیسیۆم، مەگنیسیۆم، پۆتاسیۆم، زینك، مس و سۆدیۆمی تیادایە، لەگەڵ بڕێكی باش لە چەوریی ئۆمیگا سێ لە پێكهاتەكەیدا.
توێژینەوەكە ئاشكرایكردووە كە شیری گوێدرێژ چەندین سوودی تەندروستی و جوانكاریی هەیە، وەك بەهێزكردنی ئێسك و پارێزگاریكردن لە دڵ و خوێنبەرەكان و پاراستنی مرۆڤ لە جەڵتەی دڵ و مێشك، سەرباری ئەوەی كاریگەریی هەیە لە ڕێگرییكردن لە دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەكان. لەڕووی جوانكارییشەوە، شیری گوێدرێژ پێست ساف و نەرم دەكات و یارمەتیدەرە بۆ لابردنی پەڵە و بەهێزكردنی قژ و پاراستنی لە مخۆركە.
ئێلتۆن کیکیا، گەنجێكی ئەلبانییە و ماوەی دوو ساڵە وازی لە كاری ڕۆژنامەوانی هێناوە و لە کێڵگەی خانەوادەكەیاندا كاردەكات كە ژمارەیەك گوێدرێژ لەخۆدەگرێت.
ئێلتۆن دەڵێت، “ماوەیەكە خواست لەسەر شیری گوێدرێژ زیادیكردووە، چونكە خەڵك پێیانوایە شیری گوێدرێژ لە كۆرۆنا دەیانپارێزێت.”
زۆربوونی خواست لەسەر ئەو جۆرە شیرە لە ئەلبانیا، وایكردووە نرخی یەك لیتر شیری گوێدرێژ بەرزببێتەوە بۆ 50 یۆرۆ، لەكاتێكدا تێكڕای موچە و كرێی مانگانە لەو وڵاتەدا 400 یۆرۆیە.