چۆن دەتوانرێت پاشەکەوت و پلەبەرزکردنەوە بگەڕێندرێتەوە؟

عەلی حەمەساڵح

عەلی حەمەساڵح چەند رێگاچارەیەك بۆ چارەسەركردنی پرسی پاشەكەوتی مووچە و پلەبەرزكردنەوەی لە پرۆژە یاسای بودجەدا ئاشكرادەكات.

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، نوسراوكردن بۆ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چارەسەری پاشکەوت و پلەبەرزکردنەوە ناکات، ئەگەر تەرخانکراوی دارایی نەبێت.

روونیشیدەكاتەوە، ئێستا لە بودجەی عێراقدا پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بۆ مووچەی فەرمانبەران 9 ترلیۆن و 229 ملیار دینار تەرخانکراوە. بەپێی ئەو مووچەیەش کە ئێستا دەدرێت 11 ترلیۆن دینار پێویستە، کەواتە لێرەدا نزیکەی دوو ترلیۆن دینار کورتهێنان هەیە، دەبێت هەرێم هەوڵبدات بە داهاتی نانەوتیی ناوخۆ پڕیبکاتەوە.

بۆ گەڕاندنەوەی 18%ی پاشەکەوت لە ساڵێکدا نزیکەی دوو ترلیۆن دینار پێویستە، هەروەها بۆ گەڕاندنەوەی پلەبەرزکردنەوە و قەرەبووی پێشووش ساڵانە نزیکەی دوو ترلیۆن دینار پێویستە، ئایا ئەم چوار ترلیۆن دینارە لە کوێ دێت؟ وەك ئەوەی عەلی حەمەساڵح ئاماژەی پێدەكات.

دەشڵێت، رەنگە بگوترێت ئەو دوو ترلیۆن و 710 ملیار دینارەی تەرخانکراوە بۆ پرۆژەکان با بگوازرێتەوە بۆ پلەبەرزکردنەوە و موچە، بەڵام یاسای بودجە رێگا بەمە نادات.

لەبارەی ئەوەی چۆن دەتوانرێت پڕبكرێتەوە، ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو رایگەیاند، کۆمەڵێک رێگا هەن، ئەگەر بگیرێتەبەر هاوکارێکی باش دەبێت لەوانە:

– تەرخانکراوی نوێی بۆ بکرێت. بەتایبەتی ئەگەر بتواندرێت پشکی هەرێم لە 12.67%ەوە بکرێتە 14%.

– بە بڕگەیەک خانەنشینی هەرێم بخەنە سەر سندوقی خانەنشینی عێراق.

– خەرجی پێشمەرگە بخرێتە سەر هێزی بەرگریی عێراق.

– ئەو فەرمانبەرانەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن و مووچەیان لەسەر هەرێمە، مووچەیان بگوازرێتەوە سەر ناوەند.

لە كۆتاییشدا دووپاتیدەكاتەوە، “بەدڵنیایی هەنگاوی زانستی نەنرێت، بەم فۆڕمەی ئێستا پاشەکەوت و پلەبەرزکردنەوە ناگەڕێنەوە”.

بابەتی پێشتر

سوودەكانی واتلێدەكەن هەموو رۆژێك ئاوی لیمۆ بخۆیتەوە

بابەتی دواتر

نازم عەبدوڵا: بەهۆی بێپلانی حکومەتەوە نرخی مریشک بەرزبووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share