بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باجی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی دەدات

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیکرد لە شاندی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و هەریەک لە حەمید ئەلشەتری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی و عەبدولوەهاب ئەلساعدی، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق و فەریق قەیس ئەلمحەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان.

لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی ئەمنی و سەربازی ئامادەیبوون، دوایین پەرەسەندە ئەمنییەکان و هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تاوتوێکران و جەختکرایەوە لە پاراستنی سەروەریی خاک و وڵات و یەکخستنی هەوڵەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی وڵات و دووبارەنەبوونەوەی رووداوی لەو شێوەیە.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، شاندی میوان، لایەن و سەرکردە عێراقی و کوردستانییەکانی کرد کە لە بەرامبەر ئەم پێشهاتە ترسناک و مەترسیدارەدا هاتوونەتە دەنگ و داواشیکرد، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لیژنە راسپێردراوەکە راستی و هۆکارەکانی پشت ئەم هێرشە بۆ رایگشتی ئاشکرابکەن.

لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ لەبارەی بەرپرسیارێتییە هاوبەش و ئەرکە نەتەوەییەکانەوە بۆ پاراستنی گەل و وڵات رایگەیاند، چارەنووسمان بەندە بە یەکێتی و تەباییمانەوە، نابێت رێگە بە کەسانێک بدرێت چاوساغی بۆ بێگانە بکەن و ئاسایشی نەتەوەییمان بخەنەژێر مەترسییەوە.

لە بەشێکی تری روونکردنەوەکانیدا سەرۆک بافڵ وتی، رووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی مایەی قبووڵکردن نییە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باجی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی دەدات. ئێمە چاوەڕێی کۆدەنگیی کورد و لایەنە سیاسییەکانمان دەکرد لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکاندا، بەڵام هەرگیز چاوەڕێ نەبووین دەزگا ئەمنییەکانی ناوخۆ جێبەجێکەری پلانەکانی بێگانە بن.

لە بەرامبەردا قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئاماژەی بە ئارامی و هێمنیی دۆخی سلێمانی کرد و رایگەیاند، “ئێمە هاتووینەتە سلێمانی بۆ ئەو شارەی بە دڵە گەورەکەی سەرۆک مام جەلال ناسراوە، خۆشحاڵین دۆخەکە ئارامە و کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتییان نەبووە”. وتیشی، سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەکێتی مایەی شانازیی ئێمەیە، چونکە لە سەرەتای دروستبوونی کێشەکانی عێراق و پێکهێنانی حکومەتیش، هەڵوێستی ئەرێنی هەبووە و رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و ئاشکراشیکرد، “بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەم رووداوە نەخوازراوە دەکەین و بە هەموو شێوەیەک دژی کردەی تاوانکاریی بەرامبەر خاک و گەلەکەمان دەوەستینەوە”.

 

بابەتی پێشتر

دۆلار زیاتر دادەبەزێت

بابەتی دواتر

شیرین یونس: سێ ساڵە هاواردەكەین كە وتەبێژی حزب و حكومەت جیان و مەیكەنە منداڵبازاڕی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share