ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیران دەنگۆیەك لەبارەی یاسای خشتەی مووچە رەتدەكاتەوە و دوایین زانیاری لەبارەی ئەو پرسەوە ئاشكرادەكات.
حەیدەر مەجید، وتەبێژ بەناوی ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەنگۆی ناردنی یاسای خشتەی نوێی مووچە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دوورە لە راستییەوە.
میدیایەكی عێراقی لە زاری مەجید-ەوە وتیشی، “پرۆژەیاساكە تائێستا لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیراندایە”.
دەستكاریكردنی خشتەی مووچە و زیادكردنی بەپێی پلەكان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە تاوتوێدەكرێت، بەڵام تائێستا بڕیاری كۆتایی لەبارەوە نەدراوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ لەلایەن هەندێك میدیا و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وا بڵاوكرایەوە كە یاسای خشتەی نوێ لەلایەن حكومەتەوە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە بۆ دەنگدان لەسەری.