رێككەوتن لەگەڵ بەغداد شانازیی نییە بۆ پارتی، بەڵكو تێكشانە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد نووسەر و رۆژنامەنووس لە نووسینێكیدا بەناونیشانی گەڕانەوەیەكی ناچاریی بەرەو بەغداد رایگەیاند، “رێككەوتن لەگەڵ بەغداد شانازیی نییە بۆ پارتی، بەڵكو تێكشانە و كاتێك شانازی بوو بە ناچاری نەگەڕایەتەوە بەغداد”.

راشیگەیاند، لە واژووكردنی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقدا، دەركەوت ئەوەی ئێستا پارتی دەیڵێت و دەیكات لەگەڵ بەغداد ئەوە نییە كە پێویستە هەموو كورد و حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمیش بڵێن و ئەنجامی بدەنەوە بەدوای پارتیدا، بە پێچەوانەوە ئەوەی پارتی دەیكات ئەو راستییەیە كە پێشتر هەموو كوردێك و هەموو حزب و لایەنەكانی هەرێم لە بارەی رێككەوتنەوە لەگەڵ بەغداد وتوویانە جگە لە پارتی، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە لە بیركردنەوەی راست و مەنتیقیدا بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد، هەرگیز پارتی پێش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان نەكەوتووە. بۆ سەلماندنی ئەم راستییەش دەبێت چەند مەشهەدێكی رابردوو بۆ پێش چاوی پارتی وەك نموونە بهێنینەوە، “بۆ تەنها بۆ پێش چاوی پارتی؟!” چونكە لەماوەكانی رابردوودا تەنها پارتی لەپێش چاوی نەبووە كە گەڕانەوە بۆ بەغداد باشترین بژاردەیە و رێگا دروستەكەیە، ئەگینا هەموو حزبەكانی كوردستان و هاوڵاتییانی هەرێم دەیانزانی پێویستە لەگەڵ بەغداد رێكبكەوین و ئەوە رێگا دروستەكەیە.

“ناشیرینكردن و بەشەیتانكردنی بەغداد”

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد لە نووسینەكەیدا دەشڵێت، لە رابردوودا و بەتایبەت پێش و پاشی ئەنجامدانی بەناو ریفراندۆم، هیچ هێزێكی هەرێمی كوردستان هێندەی پارتی بەغدادی رەجم نەكردووە و وێنەیەكی ئەهریمەنئاسای بە بەغداد نەبەخشیوە، هیچ هێزێك هێندەی پارتی سێ بەسێ تەڵاقی بۆ بەغداد نەنارد و چەمكی موفلیس و داگیركەر و عروبە و وشەی ناشیرینی بە باڵای بەغدادا نەدووری، هیچ هێزێكی كوردستان وەك پارتی “بای بای عێراق”ی نەكرد. هیچ هێزێكی كوردستانی بە هێندەی پارتی بەغدادی بە هۆكاری برسیكردنی میللەت نەدەزانی، تەنانەت هەر پارتیش بوو پێیوابوو بەغداد و هێزە سیاسییە عەرەبییەكانی بەغداد دەیانەوێت قەوارەی هەرێم هەڵبوەشێننەوە.

“هێرش بۆسەر عێراقچییەكانی ناوخۆ”

دەشڵێت، “تاكو یەك هەفتە پێش ئێستا، هیچ هێزێكی هەرێمی كوردستان هێندەی پارتی هێرشی نەدەكردەسەر یەكێتی و سەردانەكانی “بافڵ جەلال تاڵەبانی ــ سەرۆكی یەكێتی” بۆ بەغداد و حزبەكانی دیكەی كوردستان و بەناوی عێراقچێتی و پیاوی دەرەكی و دۆستی نەیارانی كوردستان حزبەكانی دیكەی تۆمەتبار نەدەكرد، هیچ هێزێك هێندەی پارتی تۆمەتی ئەوەی بۆ حزبە رەسەن و دڵسۆز و كوردپەروەرەكانی كوردستان نەهۆندەوە كە ئەوان خۆیان بۆ بەغداد دەچەمێننەوە و گوایە “پارتی خۆ ناچەمێنێت”.

“كوردایەتی موزەیەف”

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد لە نووسینەكەیدا دەشڵێت، “بە تەمەنی ئاگاهی مرۆڤ لە كوردستاندا و بەرگوێكەوتن لە چەمكەكانی كوردایەتی و ناسیۆنالیستی كوردی و نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی، نەبینراوە هیچ هێزێكی كوردستانی هێندەی پارتی بازرگانی و بەرهەمهێنان بە كوردایەتییەوە بكات، هیچ هێزێكیش هێندەی پارتی ئەوەی نەویستووە كە هێڵێك لەنێوان كوردایەتییە موزەیەفەكەی پارتی و تەواوی ئەو حزب و كەسانەدا بكێشێت كە لە كوردستانەوە داوای گەڕانەوە بۆ بەغداد دەكەن و بەغداد بە قوڵایی ستراتیژی كورد دەزانن.”لە ئابوریی لە ئابوریی سەربەخۆوە بۆ ئابوریی سەربەرەوخوار”

لەبارەی ئابوریی سەربەخۆشەوە نووسیویەتی، هیچ حزبێك بەهێندەی یەكێتی خەونی بەوەوە نەبینیوە كە ئابوریی سەربەخۆ بچێتە خزمەت هاوڵاتییان و میللەتەوە، بەڵام وەك ئەوەی تەنها پارتی دەزانێت چێژی ئابوریی سەربەخۆ چۆنە، بۆیە لە رابردوودا هیچ هێزێك هێندەی پارتی پێداگری لەسەر رادەستنەكردنی مەلەفی نەوتی بە بەغداد نەدەكرد، پارتی بۆ ئەوەی ئەم دیدە بچەسپێنێت و بەرەیەكی بتەوی بۆ دروستبكات، تەواوی قەوارەی هەرێمی دەبەستەوە بە رادەستكردنی مەلەفی نەوتەوە بە بەغداد.

راشیگەیاند، ” ئێستا ئابورییە سەربەخۆكە شكستیهێناوە و پارتی سەربەرەوخوار گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد و ئەمەش بە دیبلۆماسیەتی حكومەت دەزانێت، پارتی دیسان دەیەوێت وانیشان بدات تەنها پارتی لە سوود و فەلسەفەی گەڕانەوە بۆ بەغداد دەزانێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەم گەڕانەوەیە هیچ فەلسەفەیەكی تێدانییە و بەخۆشی و ویستی پارتی نییە، بەڵكو ناچارییە و دەبێت ئەو واقیعە قبوڵبكات و پارتی چەندە شانازی بەگەڕانەوەوە بۆ بەغداد بكات، هێندەش ڕاستییەك دەسەلمێنێت پێشتر پارتی نەیویستووە رێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغداد سەربگرێت، ئەگینا تەنها سەردانەكانی بەڕێز “قوباد تاڵەبانی” بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد، زۆر زیاترە لە هەموو سەردانەكانی پارتی بە دواینجاریشەوە كە لەژێر پەستان و زەختی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا دەچێتە بەغداد بۆ رێككەوتن.

بابەتی پێشتر

حكومەتی عێراق وردەكاریی رێككەوتنەكەی هەرێم و بەغداد بڵاودەكاتەوە

بابەتی دواتر

بڕیار رەشید: بڕیاری دادگایە و بەناچاری كردتان وشەی رێككەوتن بەكارمەهێنن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share