بەڕێوەبەری رەگەزنامە و باری شارستانیی عێراق رایگەیاند، کێشەی پاسپۆرت لە بەغداد و سەرجەم پارێزگاکانی عێراق چارەسەرکراوە.
ریاز کەعبی بەڕێوەبەری پاسپۆرتی بەغداد رایگەیاند، “هاوڵاتییان دەتوانن سەردانی سەرجەم ناوەندەکانی دەرهێنانی پاسپۆرت بکەن بۆ وەرگرتنی پاسپۆرتەکانیان و ئەو کێشەیەی هەبووە چارەسەرکراوە”.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، گەیشتنی 500 هەزار دەفتەری پاسپۆرتی راگەیاند کە بەسەر بەڕێوەبەرایەتییەکاندا دابەشکراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دواکەوتنی پێدانی پاسپۆرت لە سەرتاسەری عێراق.
کێشەی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرت و راگرتنی مامەڵەی هاوڵاتییان هەرێمی کوردستانیشی گرتەوە و پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاندبوو کە کێشەکە سەرتاسەری عێراقە و لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی.
تۆڕی میدیایی ئێستا پەیوەندییکرد بە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانییەوە، بەپێی بەڕێوەبەرایەتییەکە تا ئێستا دەفتەری پاسپۆرتیان پێنەگەیشتووە.