محەمەد شیاع سودانی: پاڵپشتیی یەکگرتوویی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە وتارێکدا لە میانی بەشداریکردنی دیداری سلێمانیدا رایگەیاند، پاڵپشتی لە بەهێزی و یەکگرتوویی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەهێزیی هەرێمی کوردستان بەهێزیی عێراقە.

لە وتارەکەیدا محەمەد شیاع سودانی رایگەیاند، خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم دیدارە زانستییە گەورەیەدا بەشدارم و ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە بۆمان.

سەبارەت بە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی پێشووەوە وتی، ” ئێمە لەبەردەم یادێکی کارەساتبارداین کە رژێمی سەدام حوسێن تاوانێکی گەورەی بەرامبەر گەلەکەمان کردووە لە هەڵەبجە”.

وتیشی، “ئێمە بڕیارمان لەسەر بە پارێزگابوونی شاری هەڵەبجە دا و ئەوەش بچوکترین خزمەتە بە ئەو شارە”.

سودانی ئاماژەی بەوەکرد کە گرنگە بۆ عێراق کە هەرێمی کوردستان بەهێزبێت و عێراق پاڵپشتی لە یەکڕیزیی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

وتی، “ئەو قسەیەی کە دەوترێت بەهێزی بەشێکی عێراق لەسەر حسابی بەشەکانی دیکە دەبێت راست نییە و رێکخراوە تیرۆریستییەکان ئەو قسەیە دەکەن، ئێمە یەک نەتەوە و یەک وڵاتین”.

باسی لەوەشکرد، “ئێمە هەرگیز رێگە نادەین خاکی عێراق بەکاربهێنرێت بۆ هەڕەشەکردن لە خاکی وڵاتانی دیکە ئەمە لە دەستووری ئێمەدا هاتووە، هەروەک چۆن نامانەوێت دراوسێکانمان ببنە هەڕەشە بۆ سەر خاکی عێراق، دەبێت هەموو وڵاتێک رێز لە سەروەریی عێراق بگرێت وەک چۆن ئێمە رێز لە ئەوان دەگرین”.

راشیگەیاند، ” ئێمە ئەمڕۆ لێرەین کە پێنج مانگ بەسەر دەستبەکاربوونی ئەم حکومەتە نوێیەی عێراق تێپەڕیوە، ئێمە بەرنامەیەکمان دارشتووە بۆ ئەوەی پەرە بە ئابووریمان بدەین و خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتییان بکەین، خۆشبەختانە تا ئێستا توانیومانە بەشێک لە بەرنامەکەمان جێبەجێبکەین”.

وتی، ” لە دوو رۆژی رابردوودا بودجەمان پەسەند کرد کە کارێکی گەورەیە و توانیمان ببینە خاوەنی بودجەیەکی سێ ساڵە، ئێمە وا سەیری دەکەین کە بودجە دەتوانێت بەشێکی زۆر لە کێشەکان چارەسەر بکات، بودجە دەتوانێت متمانە و روونبینی بێنێتە ئاراوە هەرەوەها رێگەیەکە بۆ وەبەرهێنانی زیاتر و جێبەجێکردنی یاسای نەوت و گاز”.

باسی لەوەشرد، بودجە رێککەوتنی لەبارەوە کراوە و دەتوانێت دەرگایەک بێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو کێشە و ناکۆکییانەی لە نێوان بەغداد و هەرێمی کوردستان هەبوون و دەکرێت لەبارەی یاسای نەوت و گازەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە لێکتێگەیشتن بگەینە رێککەوتن”.

سودانی وتیشی: “گەندەڵی هەڕەشەیە لەسەر عێراق و پەتایەکە دەبێت ڤاکسینمان هەبێت بۆی”.

سەبارەت بە ئاووهەوای عێراق و کەمئاوی رایگەیاند، “عێراق ئێستا لە کەمئاوییەکی سەختدایە و هەڕەشەیە لەسەر عێراق، دەبێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکاری عێراق بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە و چارەسەرکردنی کێشەکانی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا لەسەر عێراق”.

بابەتی پێشتر

لە هەولێر تەرمێک دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

عێراق دووەم پیسترین وڵاتی جیهان و هەولێریش لە دەرەوەی شارە پاکەکانی جیهانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share