ئەمڕۆ شەممە لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی، یەكێتی و پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و چەند لایەنێكی دیكە لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە كۆبوونەوە.
راگەیەندراوی كۆبوونەوەكە دەڵێت، “لە كۆبوونەوەكەدا بابەتەكانی پەیوەست بە هەمواری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن گفتوگۆی راشكاوانەیان لەبارەوە كرا و بڕیاری پێویست وەرگیرا”.
بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەو بابەتانەی بڕیاریان لەبارەوە دراوە بریتین لە:-
📌 سیستمی چوار بازنەیی بەپێی پارێزگاكانی هەرێم دەبێت.
📌 تۆماری بایۆمەتریی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێتە بنەما بە هەموو پێداویستییەكانییەوە.
📌 داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی عێراقی فیدراڵ بەكاردێن بۆ دریاریكردنی رێژەی كورسیی پارێزگاكان.
📌 كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم.
📌 سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان، كۆبوونەوەیەك لەگەڵ نوێنەرانی پێكهاتەكان لە ناوەوە و دەرەوەی پەرلەمان ئەنجامدەدەن.