بەناوی تێچووی وەبەرهێنانەوە پارەی نەوتی هەرێم بەهەدەر دەدرێت

لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە نیوەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ تێچووی وەبەرهێنان رۆیشتووە، بەڵام وتەبێژی حكومەتی هەرێم گرێبەستە نەوتییەكان بە “زۆر زۆر باش” ناودەبات.

ئەوەش لەكاتێكدایە هەمان تێچوو لە عێراق كەمترە لە چارەكێكی داهاتەكەیە.

بەپێی ئامارەكان لە ساڵی 2022دا تێچووی خەرجیی بەرمیلێك نەوت زیاتر لە 45.93 دۆلار بووە، بەڵام لە عێراق تێچووەكەی 13.38 دۆلار بووە.

واتە 54%ی داهاتی هەموو بەرمیلێك نەوتی هەرێم بۆ خەرجییەكەی رۆیشتووە، لەكاتێكدا لە عێراق 14%ی داهات بۆ خەرجی دەرهێنان و بەبازاڕكردنی سەرفكراوە.

ئەگەرچی ئەو بەهەدەردانە لە خەرجی دەرهێنان و بەبازاڕكردنی نەوتی هەرێمدا دەكرێت، حكومەتی راسپاردە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم بە زۆر زۆر باش ناودەبات.

جوتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌تی‌ راسپاردە لە نوێترین لێدوانی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، “گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیاكان ئه‌نجامی‌ داون، زۆر زۆر باشن”.

بە وتەی ئەو “مۆدێلی‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی‌ ئێستای‌ حكومه‌تی‌ عێراق نه‌ماوه‌، گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی‌ عێراق خزمه‌تگوزارییه‌، شه‌راكه‌ت زۆر زۆر باشتره‌” ئەمەش گوایە بەهۆی ئەوەی “حكومه‌تی‌ هه‌رێم، یه‌ك دیناری‌ خه‌رج نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌و ژێرخانه‌ نه‌وتییه‌ی‌ له‌ هه‌رێم هه‌یه‌”.

گرێبەستەكانی نەوت لە هەرێم لە جۆری (بەرهەمهێنانی هاوبەش)ە، بەپێی ئەم جۆرە گرێبەستە کۆمپانیای نەوت مەترسیی گەڕان و پشکنین و خەرجی لەئەستۆدەگرێت لەبەرانبەر بەشێک لەو نەوتە یان گازەی کە بەرهەم دێت لە ناوچەی گرێبەستەکەدا ئەگەر نەوت یان گاز دۆزرایەوە و بەرهەم هات، بەڵام گەر نەدۆزرایەوە، ئەوا حکومەت هیچ خەرجییەک ناداتەوە بە کۆمپانیا.

لەو جۆرەدا ماوەی گەڕان و پشکنین پێنج ساڵە و دەتوانرێت بۆ دوو ساڵ زیاتر درێژبکرێتەوە. کاتێک نەوت بەرهەم دێت لە کێڵگەیەکدا، ئەوکات دەچێتە قۆناغی دووەمەوە کە قۆناغی بەرهەمهێنانە و ماوەکەی 20 ساڵە و دەکرێت بۆ پێنج ساڵی دیكە درێژبکرێتەوە، وەك ئەوەی لە گرێبەستەکانی هەرێمدا هاتووە.

گرێبەستە نەوتییەكانی عێراق لە جۆری (گرێبەستی خزمەتگوزاری)یە، بەپێی ئەم جۆرە حکومەت گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی نەوت دەکات بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و لە ناوچەیەکی دیاریکراودا کە کرداری گەڕان و پشکنین و بەرهەمهێنان یاخود پەرەپێدان و زیادکردنی بەرهەم لە کێڵگەیەکی دیاریکراودا ئەنجام بدات، لەبەرانبەر ئەو خزمەتگوزارییەدا کۆمپانیا بڕە پارەیەکی دیاریکراو یان گۆڕاو وەردەگرێت.

لەم جۆرە گرێبەستەشدا بەڵێندەر دەبێت تەواوی مەترسییەکانی گەڕان لەئەستۆبگرێت و هیچ قەرەبووکردنەوەیەک بۆ وەبەرهێنانەکانی وەرناگرێت ئەگەر لە دۆزینەوەی بازرگانیدا سەرکەوتوو نەبێت.

بابەتی پێشتر

پزیشکەکەی دهۆک: لە ترسی ئاسایش و پاراستن دهۆکم بەجێهێشتووە

بابەتی دواتر

عێراق قەدەغەی هاوردەكردنی خواردنەوە كحولییەكان دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share