سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، “داهاتی حكومەتی هەرێم زۆرباشە و دەتوانرێت مانگانە لە كاتی خۆیدا مووچە دابەشبكرێت”.
حكومەتی هەرێمی كوردستان داهات و خەرجی شەش مانگی نەوتی لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردووەتەوە كە زیاتر لە پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلار و ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، نزیكەی سێ ملیاری داهاتەكە بۆ خەرجییەكانی بەرهەمهێنانی نەوت بووە و ئەوەی ماوەتەوە دراوە بە مووچە.
زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، گەورەترین داهات كە بۆ حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی كوردستانە كە دەتوانرێت مانگانە لە كاتی خۆیدا مووچە دابەشبكرێت، بەڵام گرفتەكە لەوەدایە كە فرۆشتنی نەوتی هەرێم ناشەفافە و مووچەش لەكاتی خۆیدا دابەشناكرێت.
بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارە، “ئێستا نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبووەتەوە و ئەوەش لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندایە”.