بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراون، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم بكرێت، بەڕێوەبەری گەنجینەی یەك لە سلێمانی دەڵێت، “لە فەرمانگەكانەوە لیستی مووچەمان ئاراستە كراوە و وردبینی تێدا دەكرێت”.
لە زانیارییەكاندا هاتووە، دابەشكردنی مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووی فەرمانبەران و بەشێكی خانەنشینان بە كۆتاهاتووە و بۆ خانەنشینانی سەربازی، فەرمانی دابەشكردنەكەی دراوە و تەنها ژمارەیەك لە خانەنشینانی سەربازی ماون كە لە بانكی ناوەندییەوە پارە بۆ بانكەكان دەنێرێت و كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو دەهێندرێت.
هاوكات حەسەن ڕەشید، “بەڕێوەبەری گەنجینەی یەك لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەشێكی فەرمانگەكان لیستی مووچەی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ-یان ئاراستە كردووین و وردبینی تێدا دەكرێت و هەموو مانگێك كە كۆتایی بە دابەشكردنی مووچە دەهێندرێت راستەوخۆ لیستی مووچەمان لە فەرمانگەكانەوە بۆ دەنێرێت و بۆ ئەم مانگەش لیستی بەشێك لە فەرمانگەكانمان بە دەستگەیشتووە و دەستكراوە بە وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی یەكی ئەمساڵی مووچەخۆران”.