وەفدی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ هەینی 11ی كانونی یەكەم لە بەغداد لە گەڵ دەستەی سیاسیی ڕەوتی سەدر کۆبووەوە.
نەسار ڕوبەیعی سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر، جەختیکردەوە سامانی عێراق هی هەموو عێراقییەکانە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، هەروەها پشتیوانیی خۆیان دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی یاسایی و دەستورییانەی کێشەکان کە لە بەرژەوەندی هەموواندا بێت و ببێتەهۆی بەدیهێنانی دادپەروەری.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە مەبەستیانە پەیوەندییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بەهێزتر بکەن و چارەسەری دەستوریی بۆ پرسە داراییە هەڵپەسێردراوەکان بدۆزنەوە، هەروەها ئامادەیی هەرێمی کوردستانی پیشاندا بۆ پابەندبوون بە ناوەڕۆکی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی كە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەرچووە.
لە كۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا کۆک بوون لەسەر جێبەجێکردنی مادەكانی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی لەپێناو چارەسەركردنی گرفتە داراییەكان.