داواکاری گشتیی عێراق لەبارەی دۆسیەی پێدانی هەزاران پاسپۆرتی دیپلۆماسی بە کەسانی ناشایستە و پابەندنەبوون بە وەڵامدانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران داوای لێپرسینەوە لە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دەکات.
بەپێی نوسراوێکی داواکاری گشتیی عێراق کە ئاراستەی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی سێی کردووە و وێنەیەکی لە میدیا عێراقییەکان کراوە داوایکردووە، رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەر فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بکرێت لەسەر دۆسیەی بەخشینی هەزاران پاسپۆرتی دیپلۆماسی”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “فوئاد حسێن پێشێلی یاساکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردووە کاتێک ئامادەنەبووە وەڵامی پرسیارەکانیان سەبارەت بە دۆسیەی پێدانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بە کەسانی ناشایستە بداتەوە”.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی کە پاسپۆرتی دیپلۆماسیان هەیە لە عێراق بوونە باسی میدیاکان، کە بەپێی زانیارییەکان 15 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.
لە سەرەتای مانگی رابردوو لیژنەی دەستپاکی لە عێراق بە نوسراوێک داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد لیستی ناوی ئەو کەسانەیان ئاڕاستەبکات کە هەڵگری ئەو جۆرە پاسپۆرتەن، بەڵام ئامادەنەبوون رادەستی بکەن.