بازاڕی نەوتی خاو بەردەوامە لە بووژانەوە، سەرباری لەدەستدانی چەند سەنتێك لە نرخەكەی لە چەند كاتژمێری رابردوودا، چاودێرانی بازاڕی وزە پێشبینیی زیاتر بووژانەوەی نرخەكان دەكەن.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەوە، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت بە 84.42 دۆلار مامەڵەی پێوەدەكرێت، نەوتی تەكساسی ئەمریكی بەرمیلێكی بە 79.63 دۆلارە.
حكومەتی چین بڕیاریداوە رێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا سووكبكات و ئەوەش خواست لەسەر نەوتی خاو زیاددەكات، بەو پێیەی چین گەورەترین كڕیاری نەوتە و بەگەڕخستنەوەی چالاكییەكانی پیشەسازی لەو وڵاتە، خواست لەسەر نەوت زیاددەكات و بەو پێیەش چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەكان دەكرێت.
جگە لە چین، بەهۆی كەشوهەوای ساردی ئەمریكاوە ماوەی دوو رۆژە نرخی نەوتی خاو بەرزبووەتەوە و ترس هەیە لەوەی دۆخی نالەباری كەشوهەوای ئەمریكا، كاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و گواستنەوەی هەبێت و بەوەش نرخی نەوت زیاتر بەرزببێتەوە.