چالاكییەكانی فێستیڤاڵی سەری ساڵ لە سلێمانی بەردەوامە، ئەمشەو جگە لە چالاكییەكانی میوزیك و گۆرانی، بەشی تایبەت بە یاری و دیاری دەستیپێكرد و تا شەوی سەری ساڵ درێژەی دەبێت.
ئەمشەو بە پێشكەشكردنی چەند چالاكییەكی گۆرانی و میوزیك، چالاكیی تایبەت بە منداڵان و بەشی یاری و دیاری چالاكییەكانی فێستیڤاڵەكە درێژەیان كێشا.
بەشی یاری و دیاری یەكێك لە پڕۆگرامە نوێیەكانە كە ئەمشەو لە كاتژمێر 7 تا 11 بەڕێوەدەچێت و شەوانی دواتریش بەردەوام دەبێت.
چالاكییەكان لەلایەن (ئین سلێمانی) ئەنجامدەدرێن كە پلاتفۆرمێكی قازانجنەویستی تایبەتە بە فێستیڤاڵ، ئامانج لێی زیندووكردنەوەی خۆشی و كامەرانییە لە نێو دڵی هاوڵاتییان.
(ئین سلێمانی) دەیەوێت سلێمانیش لە كەشێكی جیاواز و تایبەتدا لەگەڵ وڵاتانی دیكە لە سەرانسەری جیهاندا، ئاهەنگی هاتنی ساڵی نوێ بگێڕێت و خەڵكەكەی بە ئومێدەوە بەرەو داهاتوو هەنگاوبنێن كە سلێمانی وەك هەمیشە پێشەنگی كەلتوور، نوێگەری و داهێنان بێت و هەنگاوەكانمان بۆ چوونە نێو ساڵی نوێوە جیاواز و شادیبەخش بن.
چالاكییەكانی فێستیڤاڵی ساڵی نوێ بەمشێوەیە دەبن:
– رازاندنەوەی تەواوی شەقامی سالم، چەند شوێنێكی شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود و سەر پرد و ئەندەرپاسەكان.
– كۆنسێرتی میوزیك: دوو كۆنسێرتی گەورە لە شەوانی 30 و 31ی ئەم مانگە بە بەشداریی چەندین هونەرمەندی گەورە، گروپی هەڵپەڕكێ و چەند باندێكی مۆسیقای شەقام بەڕێوەدەچن.
– ماركێتی ئین سلێمانی بە بەشداریی زیاتر لە 60 خاوەنكاری ناوخۆیی و 40 خواردەمەنی جیاواز دەكرێتەوە و كاڵا و خواردنەكانیان نمایشدەكەن و دەفرۆشن.
-گەیم زۆن (یاریی شەقام) تۆپ، یاریی بەخت، نیشانەشكاندن، تاقیكردنەوەی هێز، تەڕدەستی، سێرك، یاریی ئاگرین و چەندین یاری دیكە.
– چالاكی بۆ منداڵان: باڵۆن، فەیسپەینتین (وێنەكێشانی سەر رووخسار)، یاری و دیاریی بابە نوئێل، سپایدەرمان، باتمان و هتد.
فێستیڤاڵەكە جگەلەوەی پێشوازییە لە ساڵی نوێ و بڵاوكردنەوەی دڵخۆشییە لە دڵی خەڵكدا، چەندین هەلی كاری بۆ گەنجانی شارەكە رەخساندووە و یارمەتیدەرێكی گرنگە بۆ خاوەنكارە بچووكەكان تا وەكو بتوانن زۆرترین كاڵا بفرۆشن و ببنە خاوەنی داهاتی خۆیان و هەروەها فێستیڤاڵەكە هاندەرێكی گەورەیە لە هێنانی گەشتیاران بۆ شاری سلێمانی و بووژاندنەوەی ئابوريی هەرێمی كوردستان.