بافڵ جەلال تاڵەبانی: هاوکاری گەلەکەمان دەبین وەک ئەوەی پێشتر لە کۆبانێ و شوێنەکانی ديكە کردوومانە

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبووەوە.

كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ 22ی 12ی 2022 لە دەباشان بەڕێوەچوو كە دوا كۆبوونەوەی ساڵی 2022ی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بوو، بۆیە بەشێكی تەرخانكرا بۆ هەڵسەنگاندن و داڕشتنی بەرنامەی ساڵی داهاتووی خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی یەكێتی.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی تیشكی خستەسەر وردەكاریی سەردانەكەی بۆ رۆژئاوای كوردستان و دیدار و چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵوم كۆبانێ و جەنەڕاڵ ماتیۆ مەكفارلان، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و سەرۆكایەتیی پەیەدە و حزب و لایەنە سیاسییەكانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و روونیكردەوە، “هەموو لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوا كۆكبوون لەسەر هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییە دروستەكانی یەكێتی كە هەمیشە پاڵپشتی خەباتی دیموكراتی و ئاشتیخوازانەی گەلی كورد بووە لە رۆژئاوا و لە كاتی تەنگانەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشیشدا بە هەموو شێوەیەكی لۆجستی و سەربازیی هاوكاریی براكانی خۆیان كردووە، كە هەر ئەوەشیان لە یەكێتی و حزبەكەی سەرۆك مام جەلال چاوەڕێكردووە و دەكەن”.

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، “بە لایەنە كوردستانییەكانی راگەیاندووە كە یەكێتی وەك هەمیشە پشتیوانی خوشك و براكانی خۆی دەبێت لە رۆژئاوا بۆ بەدەستهێنانی ماف و داخوازییەكانیان بە ئاشتی، دیالۆگ و سیاسەتی ژیرانە وتیشی، لە بەرەنگاری هەڕەشەی تیرۆریستانیشدا پشتیوان و هاوكاریی گەلەكەمان دەبین وەك ئەوەی پێشتر لە كۆبانێ و شوێنەكانی تریش كردوومانە و لەمەودواش بۆ چارەسەری ئاشتییانە و سیاسییانەی كێشەكان لەگەڵ لایەنەكانی پەیوەست بە دۆسیەی رۆژئاوای كوردستان و سوریا هاوكار و پشتیوان دەبین.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسیدا باسی دۆخی سیاسیی كوردستان كرا و جەخت لە سیاسەتی یەكێتی كرایەوە كە خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە بەبێ جیاوازی، كە بە دیدی یەكێتی هەر ئەو سیاسەتە دەبێتە مایەی باشكردنی گوزەرانی هاوڵاتییان و لەم پێناوەشدا هەم لە كوردستان و لە بەغدادش كار لەسەر پاراستنی یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكانی وڵات دەكات لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و ئیستیحقاقە نەتەوەییەكانی لە عێراقدا.

كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی لەسەر كاروباری ڕێكخراوەیی مەكتەب و ئۆرگانەكانی یەكێتی هەڵوەستەی كرد و راسپاردەی پێویستی لەبارەوە دەركرا.

كۆبوونەوە لە میانی هەڵسەنگاندنی كاری رێكخراوەییدا جەختی لە داڕشتنی بەرنامەی ساڵی نوێ كردەوە كە پەرە بە گەشەی چۆنایەتی یەكێتی بدات. سەرۆك بافڵ بۆ چوارچێوەی بەرنامەی نوێ راسپاردەیدا ئەمساڵ بكرێتە ساڵی پتەوكردنی پەیوەنديی هەڤاڵانە لەگەڵ تێكۆشەرانی دێرین و هەموو هەڤاڵانی یەكێتی لە هەموو ئاستەكانی خەبات و لە هەموو ئۆرگانەكاندا، چونكە بەرنامەمان ئەوەیە جۆش و خرۆشی یەكێتییانە ببێتە هەوێنی گەشەكردنی زیاتری یەكێتییەكەمان لەناو جەماوەر و هەموو چین و توێژەكانی كوردەواری بە تایبەتی توێژی رووناكبیران، لاوان و ژنان كە ئەركی ئێمەیە خزمەتیان بكەین. بۆ ئەم مەبەستەش یەكێتییەكی چالاكترمان پێویستە.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی کۆسرەت رەسول عەلیی كرد

بابەتی دواتر

گەرمیان.. لە رووداوێكی هاتوچۆدا دوو كەس برینداربوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share