سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین تاجی پاڵەوانی جیهانی پۆشی، بەڵام فەرەنسییەکان لەسەر ئاستی فرۆشی درێسەکانیان پلەی یەکەمیان بەدەستهێنا.
جامی جیهانی قەتەر گەواهیدەری چەندین ڕووداوی نایاب بوو، لەسەر ئاستی دارایی، هاندەرانی قەتەری 2022 ژمارەی پێوانییان لە کڕین و فرۆشی درێسی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان تۆمارکرد.
دوای کۆتاییهاتنی گەشتی مۆندیال، کاتی ئەوە هاتووە لە “ئێستا سپۆرت”ەوە هەڵسەنگاندن بۆ دەستکەوتە داراییەکان و ئەو (10) درێسە بکەین، کە زۆرترین فرۆشیان هەبووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی “فووت مێرکاتۆ”ی فەرەنسی، لەنێوان 1ی تشرینی دووەم تاوەکو 18ی کانونی یەکەم، لە ڕێگەی کڕین و فرۆشی ئۆنلاینەوە فەرەنسییەکان لە پێشەنگی سەرجەم هەڵبژاردەکانی دیکەدا بوون.
Voici le classement des meilleures ventes de maillots #FIFAWorldCup chez https://t.co/GEifb4BveL ! 🔥
Quel maillot as-tu acheté ? 🤔 pic.twitter.com/jjtV1jTU6T
— FOOT.FR (@footfr) December 19, 2022
درێسی فەرەنسا لە پێشەنگ و بەڕازیل دووەم
درێسی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە کاتی مۆندیالدا زۆرترین فرۆشی هەبوو، زۆرترین خواستیش لەسەر ناوی کیلیان مباپێ، پاشان ئۆلیڤێر جیرو بووە.
لە پلەی دووەمدا درێسی هەڵبژاردەی بەرازیل هاتووە کە پاڵێوراو بوون بۆ بردنەوەی ناسناوەکە، بەڵام لە قۆناغی چارەکی کۆتایی بەرامبەر کرواتیا شکستیانهێنا.
ڕۆناڵدۆ لە مێسی بەهێزتر بووە
لە پلەی سێیەمدا درێسی هەڵبژاردەی پۆرتوگال هاتووە، زۆرترین خواستیش لەسەر درێسی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بووە.
درێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و لیۆنێل مێسی ئەفسانەش، لە پلەی چوارەمدا هاتوون.
مەغریب پلەی پێنجەم و ئیسپانیا پلەی شەشەم
درێسی هەڵبژاردەی مەغریب لە پلەی پێنجەمدا وەک یەکێک لە پڕفرۆشترینەکان لە ڕیزبەندییەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی توانیان لەم وەشانەی مۆندیالدا ڕێرەوێکی بەهێز بگرن و بۆ یەکەمجار لە مێژوویاندا بگەن بە قۆناغی نیوەی کۆتایی.
درێسی هەڵبژاردەی ئیسپانیا پلەی شەشەمی بەدەستهێناوە، یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی فرۆشتنی درێسەکانی “لارۆخا” بردنەوەیان بووە بەرامبەر کۆستاریکا (7-0)، بەڵام دواتر بە دۆڕاندنیان بەرامبەر مەغریب ڕێژەکە هاتووەتە سەر سفر.
پلەکانی دیکەش بەم جۆرە بوون:
حەوتەم: هۆڵەندا
هەشتەم: ئەڵمانیا
نۆیەم: ژاپۆن
دەیەم: تونس