وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، دوو کەس بە تۆمەتی چەندین تاوانی دزی دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە.
هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “دوا بەدوای ئەوەی هێزەکانمان بە بوونی چەندین حاڵەتی دزینی بوتڵی غاز و دزیکردن لە مارکێتەکان لە گەڕەکەکانی 11ی ئازار و پیرڕەش ئاگادارکرانەوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ رێکخرا”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “لەدوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر توانیمان دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (م،م،ع) تەمەن 28 ساڵ و (ک،ب،ا) تەمەن 22 ساڵ دەستگیربکەن، هەردووکیان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە”.
باسی لەوەشکرد، “لە درێژەی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ تۆمەتبارەکاندا دانیان بەوەدا ناوە لە شەش تاوانی جۆراوجۆردا بە نزیکەیی 50 بوتڵی غازیان دزیوە و بە هەمان شێوەش لە شەش مارکێت دزیان ئەنجامداوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “تۆمەتبارەکان چەندین تاوانی دیکەیان لە باخەکانی شەقڵاوە ئەنجامداوە، لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکانیشیاندا تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان ساختەکردووە تا نەناسرێنەوە”.