ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی و وادەی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی بۆ “ئێستا” ئاشكراكرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی نوێنەران كۆتاییهاتنی وەرزی یاسادانانی دووەمی راگەیاند، بەو پێیەی پێشتر سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران، تەمەنی ئەم وەرزەی یاسادانانی تا 7ی 12ی 2022 درێژکردبووەوە.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق و وادەی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دوا و رایگەیاند، “بەپێی دوایین ئامار و داتاكان كە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆی ناردووین، دانیشتووانی هەرێمی كوردستان رێژەی 14%ی كۆی دانیشتووانی عێراق پێكدەهێنن”.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی دەڵێت، “بەپێی ئەم رێژەیە بێت، پشكی هەرێمی كوردستان لە نێوان 21 بۆ 28 تریلیۆن دیناردا دەبێت، بەڵام تا ئێستا بە دیاریكراوی نازانرێت پشكی هەرێم چەند دەبێت”.
بەشێك لە پەرلەمانتارانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە بەر لە كۆتاییهاتنی ئەمساڵ، پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند دەكرێت، لەو بارەیەوە د. نەرمین مەعروف وتی، “گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكەوێتە ساڵی داهاتووەوە، چونكە بەهۆی پشووی زستانەیەوە، ئەنجومەنی نوێنەران فریای گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە ناكەوێت”.