ئەنجومەنی باڵای خانمان: پاڵپشتیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەکەین

ئەنجومەنی باڵای خانمان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پاڵپشتیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان دەکەن کە ئێستا هەڵپەسێردراوە بۆ هەندێک لە تاوانەکانی توندوتیژی کە ویژدان و مرۆڤایەتی قبوڵیان ناکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجومەنی باڵای خانمان کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری نوێنەرایەتیی یونامی ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی پێداچوونەوە بە یاسای توندوتیژیی خێزانیدا کرا.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا خانزاد ئەحمەد رایگەیاند، لەبارەی پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ هەندێک لە تاوانە گەورەکان کرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ نموونە ئەنجومەنەکە دۆسیەیەکی لەبارەی کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر کوڕێکی گەنج لەلایەن باوکێکەوە هەیە و وتیشی، “هەموو داب و نەریت و ئایینە ئاسمانییەکان و یاسا دروستکراوەکانی مرۆڤ توندترین سزا بۆ تاوانێکی لەوجۆرە دادەنێن”.

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای خانمان وتی، “کاتێک باسی ئەو بابەتانە دەکەین، تەنیا باسی یەک دۆسیە ناکەین، کە توندوتیژیی دژ بە ژنانە، بەڵکو توندوتیژی بە گشتی و فاکتەرەکانی ڕوودانی لەخۆدەگرێت، لێکۆڵینەوەیەکیشمان لەسەر ئەو پرسانە ئەنجامداوە”.

ڕوونیشیکردەوە، “پرسگەلێکی توند کە ویژدان و مرۆڤایەتی قبوڵیان ناکات، وەک ئەم دۆسیەیەی کە باسمکرد (کە کوشتنی کوڕە گەنجەکەیە لەلایەن باوکەوەیە) پێویستیی بە سەپاندنی ئەو سزایە هەیە کە یاسا و دەسەڵاتی دادوەری پەسەندی کردووە”.

وتی، “ئەم بابەتە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی بەرفراوان هەیە، هەروەها چەندین کۆبوونەوە لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا ئەنجامدراوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە قسەی کۆتایی و بڕیاری کۆتایی لای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەبێت”.

بابەتی پێشتر

تابلۆی "ئۆتۆمبێلە کشتوکاڵییەکان" دەگۆڕدرێن

بابەتی دواتر

ئاوارەكان كامپەكانی هەولێر بەجێدەهێڵن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share