سێ حزب دوای پێنەدانی مۆڵەتی خۆپیشاندان لە هەولێر نا ڕەزایی دەردەبڕن

سێ حزبی هەرێمی کوردستان داوای مۆڵەتی خۆپیشاندان و گردبوونەوەیان کردبوو لە شاری هەولێر، دوای ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

حزبی شیوعی کورستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، کە لیژنەی هاوبەش و هەماهەنگی چەپی کوردستانییان پێکهێناوە، بەرامبەر ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە شاری هەولێر ئەمڕۆ ٨ی کانونی یەکەم کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا..

کاوە مەحمود، سکرتێری حزبی شیوعی بەیاننامەی لیژنەی هاوبەش و هەماهەنگی چەپی کوردستانی خوێندەوە کە لەلایەن ئەو سێ حزبەوە دروستکراوە و ڕایگەیاند، ” ئێمە وەکو سێ لایەنی سیاسیی کە لیژنەیەکمان پێکهێناوە، بە نیازبووین ئەمڕۆ چوارشەممە خۆپیشاندانێکی مەدەنیی ئەنجام بدەین، بەڵام بەداخەوە ئیدارەی پارێزگای هەولێر ڕێگایان نەدا، ئەمەش دەچێتە خانەی پێشێلکاری مافی سەرەتایی مرۆڤەوە لە هەرێم”.

سکرتێری حزبی شیوعی نەیشاردەوە کە ئەوان ویستویانە لەو گردبوونەوەیەدا یاداشتێک ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم بکەین و کۆمەڵێک چارەسەر ڕابگەیەنین”.

کاوە مەحمود، ناوەڕۆکی یاداشتەکەی ئاشکراکرد و ڕایگەیاندووە، قەیرانی دارایی دۆخی هاوڵاتیانی بە تەواوی قورس کردووە و  چ لەڕووی سیاسیی یان ئابووریی، هۆکاری ئەم قەیرانانەش ئیدارەدانی خراپە لە هەرێمی کوردستان”.

حزبی شیوعی کورستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، ڕاشیانگەیاند، نەبوونی مووچە و تەواویی دۆخەکە، لایەنە بەشدارەکانی حکومەت و دەسەڵات لێی بەرپرسن.

لە یاداشتی سێ حزبەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە دەبێت بە یەکدەنگ کورد گفتوگۆ لەگەڵ بەغداد بکات دەربارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و چیدیکە دۆخی ئابوری خەڵک قورستر نەکرێت.

بابەتی پێشتر

کومان: توڕەم و ئەوەشم بە یاریزانان ڕاگەیاندووە

بابەتی دواتر

پلان (B) پاریس.. ئەگەر گواستنەوەی مێسی سەرنەگرێت ڕوودەکەنە ئیتاڵیا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share