ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ڕۆژی شەممەی داهاتوو خوێندن و تاقیكردنەوەكان و تۆماركردنی ئامادەنەبوون لە سەرجەم كۆلێژەكان دەستپێدەكەنەوە و جەختیشدەكاتەوە ئەو ڕەفتارانەی كە هەندێك كەس دژ بە ناوبانگ و پێگەی خوێندكاران و زانكۆمان كردوویانە ڕێوشوێنی یاسایییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.
بەپێی راگەیەندراوێكی زانكۆی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە،”بڕیاردراوە ڕۆژی شەممە 19ی 11ی 2022، پڕۆسەی خوێندن و تاقیكردنەوەكان و تۆماركردنی ئامادەنەبوون لە سەرجەم كۆلێژەكان دەستپێدەكەنەوە و بۆ و داوا لە خوێندكاران دەكەین پابەندی دەوامبن و خۆیان بە دووربگرن لە هەر ڕەفتارێكی نازانستی و نا شارستانی.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە رۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەك لە خوێندكاران خۆپیشاندانیان بۆ هەندێك داواكاری ئەنجامدا و لەگەڵ ڕەوایەتی بەشێك لە داواكارییەكانیان، بە داخەوە دوور لە ڕەفتاری خوێندكاری زانكۆ، ناڕەزایەتییەكە بە ئاراستەیەكی نامەدەنیدا براو بەهۆیەوە زیانی ماددیی زۆر بە بیناو كەرەستەی زانكۆمان گەیەنرا كە ئەم جۆرە ڕەفتارە نامەدەنییانە كاریگەریی زۆر نەرێنی كردووەتە سەر شاری سلێمانیش بۆیە بە پێویستی دەزانین ئەم ڕوونكردنەوەیە بۆ ڕایگشتی بخەینەڕوو: –
1- سەبارەت بە داواكاریی دەرماڵەی خوێندكاران، ئەم بابەتە ئەركی حكومەتی هەرێمە نەك زانكۆی سلێمانی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجومەنی زانكۆ پشتیوانی ئەم داوا ڕەوایەی خوێندكارانی كردووە و بە نووسراوی فەرمیش لە دوا كۆبوونەوەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا دا بە كۆی دەنگ داوای دەرماڵەی ساڵی خوێندنی (2022-2023)ی كردووە.
2 – سەبارەت بە كرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران ئەم داواكارییەش لە سەرووی دەسەڵاتی زانكۆی سلێمانییەوەیە، ئەگەر چی ساڵانە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە ڕێژەی لە (%45) لە كرێی خوێندن كەمكراوەتەوە و سێ ساڵە ئەم بڕیارە جێبەجێدەكرێت، هەروەها زانكۆی سلێمانی جیاواز لە زانكۆكانی تر بەشە ناوخۆیی بۆ خوێندكارانی (پارالێل- ئێواران) بەبێ بەرامبەر دابینكردووە كە ئەمە لە هیچ زانكۆیەكی تردا نەكراوە.
3- سەبارەت بە بەشەناوخۆییەكان و پێداویستییەكانیان، لەگەڵ ئەوەی ئەم داواكارییە داوای خوێندكارانی زانكۆكانی دیكەیە، نەك خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوەی هەموو لایەك، زانكۆمان هەر لە پشووی هاوینەوە دڵسۆزانە لە نۆژەنكردنەوە و دابینكردنی پێداویستییەكانی بەشە ناوخۆییەكان درێغی نەكردووە،بۆ دڵنیاییش وردەكاریی خزمەتگوزارییەكانی بەشە ناوخۆییەكان بە بەڵگەوە بەردەستن.
4- ئەركی زانكۆ ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن و پێگەیاندنی كادری زانستییە بۆ بازاڕ و دامەزراوەكانی حكومەت و زانكۆی سلێمانیش پێگەیەكی بەرچاوی زانستی لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا هەیە و هەمیشە پێشەنگ بووە، بەڵام سەبارەت بە داواكاری دامەزراندن و هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆ، ئەركی حكومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانە و لە كۆتاییدا بۆ سەرجەم هاوڵاتییان و ڕایگشتی ڕادەگەیەنین ئەنجومەنی زانكۆمان، بڕیاریداوە ڕۆژی شەممە (19ی 11ی 2022)، پرۆسەی خوێندن و تاقیكردنەوەكان و تۆماركردنی ئامادەنەبوون لە سەرجەم كۆلێژەكان دەستپێدەكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە خوێندكارانی خۆشەویست دەكەین پابەندی دەوامبن و خۆیان بە دووربگرن لە هەر ڕەفتارێكی نازانستی و نا شارستانی ، بۆ ئەوەی پڕۆسەی خوێندن بە شێوەیەكی زانستی و یاسایی پەیڕەوبكرێت ، هەر سەبارەت بەو ڕەفتارانەش كە هەندێك كەس دژ بە ناوبانگ و پێگەی خوێندكاران و زانكۆمان كردوویانە، ڕێوشوێنی یاسایییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.