بۆچی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان خۆپیشاندان دەكەن؟

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێك بەسەر دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن، خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەرماڵەی مانگانەیان بۆ خەرجنەكراوە، بەهۆی پەسەندنەكردنی بڕیارەی خەرجكردنەكەی لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە.

ئەمڕۆ جارێكی دیكە خوێندكارانی ژمارەیەك لە زانكۆ و پەیمانگاكان لە سلێمانی و راپەرین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، داواكاری خوێندكاران خەرجكردنی دەرماڵە و كەمكردنەوەی كرێی خوێندنی پاراڵێڵە.

لە دووەم رۆژی گردبوونەوە و ناڕەزایی خوێندكارانی زانكۆی راپەرین، خوێندكارێكی بەشداربوو بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “داوای دەرماڵە و مافی خۆمان دەكەین”.

سەبارەت بەوەی داواكاریی بنەڕەتییان چییە؟ ئەو خوێندكارە وتی، “گەڕاندنەوەی دەرماڵە، هەروەكو چۆن ساڵی پێشوو كە چۆن خۆپیشاندانمان كرد، دیسانەوە بۆ ئەمساڵیش دەرماڵە بەردەوام بێت”.

ساڵی خوێندنی رابردوو 2021-2022 دوای زنجیرەیەك خۆپیشاندان و ناڕەزایی خوێندكارانی زانكۆكان، حكومەتی هەرێم بڕە پارەیەكی بۆ دەرماڵەی خوێندكاران تەرخانكرد.

بۆ ئەمساڵ ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرجەم ئامادەکارییەکانی چۆنیەتی خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکارانی خستۆتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا نەخراوەتە بەرنامەی کارەوە تا پاڵپشتی دارایی بۆ خوێندکاران خەرجبکرێت و تائێستا نووسراوی وەزارەتەكە لای سەرۆكی حكومەتی هەرێم هێڵدراوەتەوە و پەسەندنەكراوە.

خۆپیشاندانەكانی ئەمساڵ جیاوازە لەوانەی ساڵی رابردوو كە تیایدا جگە لە گرفتی دەرماڵە، چارەسەركردنی كەموكوڕی بینای زانكۆ و پەیمانگاكان و بەشە ناوخۆییەكان داواكارییەكی سەرەكی خوێندكاران بوو.

ئەو گرفتە ساڵی رابردوو بە بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڵێنی چارەسەركردنی درا و دواتر لەلایەن ئیدارەی گشتیی یەكێتییەوە بە تەرخانكردنی زیاتر لە 15 ملیار دینار جێبەجێ و چارەسەركرا.

هەر پەیوەست بە ویست و داواكارییەكانیان، دوێنێ بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێكدا بۆ خوێندكاران، سەرەڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن رایگەیاند، “لە ساڵی رابردوودا بە دیداری یەكتر شادبووین و بەڵێنی بەدواداچوون و چارەسەركردنی كێشەكانم پێدان، بەخۆشحاڵییەوە زۆرینەی كێشەكانمان چارەسەركرد”.

وتیشی، “ئێستاش بە بڕوای تەواوم بە رۆڵ و پێگەی ئێوە لە ئێستا و داهاتووی وڵاتەكەماندا، بەڵێنتان بۆ دووپاتدەكەمەوە كە بۆ ئەمساڵی خوێندنیشتان، بەندە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین”.

سەرۆكی یەكێتی لە پەیامەكەیدا پشتیوانی بۆ هەموو فشارە مەدەنییەكانی خوێندكاران دەردەبڕێت و هیوای ئەوەش دەخوازێت چالاكییەكانیان “توندوتیژییان لێنەكەوێتەوە و كاریگەریی نەرێنییان لەسەر ژیانی هاوڵاتییان نەبێت”.

خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین چاوەڕوانن وەك چۆن بەڵێنی چارەسەركردنی گرفتی بینای زانكۆ و بەشە ناوخۆییەكانیان هاتەدی، بە خۆپیشاندان و فشاری ئەمجارەیان، ئەگەرچی ماندووبوونەكەی بۆ خۆیان و دروستكردنی ئاستەنگی هاتوچۆ و رێگرییەكەی بۆ خەڵكی ناوچەكانیانە، بەڵام بە سوودی سەرجەم خوێندكارانی هەرێم لە زاخۆوە تا گەرمیان بشكێتەوە.

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید نیگەرانی خۆی بە ڕایەڵەی "لالیگا" گەیاندووە

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ئینتەر بە "گۆڵی هەڵە" لە ئاتالانتای بردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share