سێ هەنگاو لە بواری بەشە خۆراكی مانگانەدا دەگیرێتەبەر

وەزارەتی بازرگانیی عێراق كار لەسەر باشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان دەكات و ئاشكرایدەكات، كار لەسەر سێ هەنگاو و ئاراستە دەكرێت.

محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی یەكەمی وەزارەتی بازرگانی لە حكومەتی نوێدا تاوتوێی دۆسیەی فۆڕمی خۆراكی ئەلیكترۆنی كرا و هەندێك تێبینی دیاریكرا بۆ باشتركردنی.

وتیشی، لیژنەیەك پێكهێنراوە و مامەڵە لەگەڵ پرسی ماددەكانی بەشە خۆراكی مانگانە دەكات لەڕێی سێ هەنگاوەوە، كە ئەوانیش باشكردنی جۆری ماددەكان، زیادكردنی ماددەی خۆراكیی دیكە و هێنانەدی رێكخستنە لە دابەشكردنیاندا بەجۆرێك هاوڵاتییان پێشتر بە روونی كاتی دابەشكردنەكە بزانن.

حەنون روونیشیكردەوە، بەرنامەی فۆڕمی خۆراك پشتی بە سەبەتەی خۆراك بەستووە بە حەوت ماددە، لەئێستادا ئاراستەكە بۆ هێنانەدی پەرەپێدانی جۆرییە و كار لەسەر شێوازێكی نوێ دەكرێت بۆ پاڵپشتیكردن بە زیادكردنی بڕی دیكە و رێكخستنی ئامادەكردنی و ئاراستەكردنی بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیە لە خێزانە هەژارەكان و ئەوانەی چاودێریی كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.

پێشتر نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە ئێستادا بەشە خۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان لە ڕێگەی پسووڵەی خۆراكەوە دابەشدەكرێت، بەڵام لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بڕیاردراوە دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان بكرێتە ئەلیكترۆنی لە رێگای كارتێكەوە دابەشبكرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كارتێك بۆ هاوڵاتییان دروستدەكرێت كە ئەندامانی خێزان پەنجەمۆر و سكانی چاوی لێوەردەگیرێت و ناو و مووچە و تەواوی زانیارییە كەسییەكانی خێزانەكە وەردەگیرێت و ئەو گرفتانەی پێشتر لە شێوازی دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەدا هەبووە چارەسەری دەكات.

ئاشكرایكرد، لەلایەن حكومەتی عێراقەوە داوامانلێكراوە لە ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان پڕۆسەكە بە نموونە وەربگرین و لە عێراقیش پارێزگایەك بە نموونە وەرگیراوە تا وەكو ئەو گرفتانەی كە لە پڕۆسەكە دەردەكەوێت چارەسەربكرێن و لە داهاتوودا دابەشكردنی خۆراك لە ڕێگای ئەو كارتەوە و بە ئەلیكترۆنی بدرێتە هاوڵاتییان.

بابەتی پێشتر

پەناگەیەك بۆ خۆپاراستن لە چەكی ئەتۆم بۆ فرۆشتن دەخرێتەڕوو

بابەتی دواتر

زانیاریی نوێ لەبارەی تەندروستیی كازم فاروق ئاشكرادەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

رۆژی نیشتمانیی عێراق چییە؟

ئەمڕۆ بۆ عێراقییەكان بە رۆژی نیشتمانی دیاریكراوە، كە هاوكاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی 92 ساڵ بەسەر رزگاربوونی عێراق لە دەسەڵاتی…
Total
0
Share