لەلایەن پۆلیسی كەناراوەكانی یۆنانەوە دوو كۆچبەری دیكە بە زیندوویی دۆزرانەوە، هەر ئەمڕۆ تەرمی كۆچبەرێك دۆزرایەوە.
شێخ حسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، لە درێژەی گەڕانەکانی پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان بە دوای ئەو کۆچبەرە بێسەروشوێنانەی لە دوو رۆژی رابردوودا یەختەکەیان ژێرئاوکەوت، ئێوارەی دوێنێ کۆچبەرێکی دیكە بە زیندوویی لە نزیک شوێنی رووداوەكە دۆزرایەوە.
وتیشی، “شەوی رابردووش باخیرەیەكی گەشتیاری كۆچبەرێكی رزگاركردووە”.
بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە، یەختێك بە 70 كۆچبەرەوە لە نزیك دوورگەی ئیڤیای یۆنان ژێرئاوکەوت.
تائێستا 11 كۆچبەر بە زیندوویی رزگاركراون كە شەشیان میسری، سیان ئەفغانی و دووانیان ئێرانین، وەك ئەوەی نوێنەرەكەی دەزگای لوتكە ئاماژەی پێدا.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئاکامی گەڕانەکانی پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان، ئەمڕۆ تەرمی کۆچبەرێک دۆزرایەوە و وتی، “کۆچبەرەکە لە رەگەزی نێرە و تائێستا ناسنامەکەی دیارنییە”.
نوێنەرەكەی دەزگای لوتكە روونیكردەوە، پەیوەندی بە كونسوڵخانەی عێراق لە یۆنان كردووە، ئەوانیش دەستیانكردووە بە بەدواداچوونەكانیان سەبارەت بەو رووداوە بۆ دڵنیابوونەوە لە بوون یان نەبوونی كۆچبەری عێراقی.
یەكێك لەو كۆچبەرە كوردانەی دەوترێت لەناو یەختەكەدا بووە و تائێستا چارەنووسی نادیارە عەبدولڕەحمان-ە كە بە “محەمەد رانیەیی” ناسراوە و تەمەنی 18 ساڵە و خەڵكی رانیەیە.
عەبدولڕەحمان پێشتر خوێندكار بووە، دووەم جاربوو رێگەی هەندەران بگرێتەبەر و ماوەی 45 رۆژ بوو لە توركیا بوو بە مەبەستی گەیشتنی بە ئەوروپا.
قەندیل مامی عەبدولڕەحمان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، كاتژمێر 01:32 خوولەكی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، عەبدولڕەحمان نامەیەكی دەنگیی بۆ زاوایەكیان كە لە ئەوروپایە ناردووە و وتوویەتی، “گەردنمان ئازادبكەن، یەختەكەمان كونبووە”.
لە نامە دەنگییەكەدا كە لای تۆڕی میدیایی ئێستا-یە، عەبدولڕەحمان دەڵێت، “كاكە ئەوە یەختەكەمان كونبووە، ئەگەر هەر شتێكم لێهات، گەردنم ئازادبكەن توخودا”.