هەوڵێك بۆ هەرزانكردنی نەوتی سپی ئاشكراكرا

قائیمقامی قەزای پێنجوێن ڕایدەگەیەنێت، “بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی سپی نووسراومان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كردووە و داوامانكردووە نرخی نەوت یەكلابكەنەوە”.

زانا ڕەحمان قائیمقامی قەزای پێنجوێن لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بڕیارە یەك بەرمیل نەوت بە 103 هەزار دینار بدرێتە هاوڵاتییان و لە هەمانكاتدا ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی عێراق باسیان لەوەكردووە نرخی یەك بەرمیل نەوت لە لایەن حكومەتی عێراقەوە بە 30 هەزار دینارە و بەشێكی دیكەیان دەڵێن 50 هەزار دینارە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “نووسراومان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كردووە كە ئەوان نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵكن و داوامانكردووە نرخی نەوتی سپی یەكلابكەنەوە و لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان هەرزانبكرێت”.

ئاشكرایكرد، “هەر كاتێك ئەنجومەنی پارێزگا وەڵامی نووسراوەكەی ئێمەی دایەوە و ئەگەر نەوتی سپی هەرزانكرا یاخود بەو نرخەكەی ئێستای بوو ئەوا ئێمەش لەگەڵ دانیشتووانی قەزای پێنجوێندا بڕیاری كۆتایی لەبارەی وەرگرتنی نەوتەكەوە دەدەین”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share