بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەران لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ئاشکراکرا

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایانەی خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ کراوە دەستپێدەکاتەوە.

د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئەو قەیرانە سیاسییەی بە هۆی دواکەوتن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دروستبوو، بە هۆی پێکهێنانی حکومەت کۆتایی هات، ئەم هەفتەیە تا هەفتەی داهاتوو پرۆسەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە نێوان وەزیرەکانی حکومەت کۆتایی دێت، ئێمەش لە کاری خۆمان بەردەوام دەبین”.

وتیشی، “هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێدەکەنەوە، کۆمەڵێک پرۆژە یاسا هەبوون لە رابردوودا خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ کرا، پێویستە بێنە لیژنەکان و خوێندنەوەی دووەمیان بۆ بکرێت و بکرێنە یاسا، بەڵام جارێ ئەوە یەکلایی نەبووەتەوە سەرەتا کام پرۆژە یاسایەیان دەکرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکان”.

ئاماژەی بەوەش کرد،  “ئێمە وەک کورد پێشتر ئەوەمان یەکلاکردووەتەوە و رێکەوتووین لەسەر ئەوەی کە مەسەلەی کەرکوک، بودجە، مووچەی هاوڵاتییانی هەرێم ئەمانە لە ئەولەویاتی کارەکانمان بن بە دڵنیاییەوە کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکەین”.

 

بابەتی پێشتر

چی لەسەر قەتەر دەزانیت؟

بابەتی دواتر

عەلی حەمەساڵح: چالاکوانانی بادینان سوڵحیان نییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share