هاوشێوەی بەشێك لە وڵاتان بە تاقیكردنەوە دەبێت
سیستمی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگاكان دەگۆڕدرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا رایدەگەیەنێت، بڕیاری ئەژمارکردنی ئارەزوومەندانەی نمرەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێندرێتەوە و دەشڵێت، کاردەکات بۆ گۆڕینی سیستمی ناوەندیی وەرگرتن، لە ڕێگەی هێنانەکایەی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی نیشتمانی بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان.

ئەمڕۆ دووشەممە 31ی تشرینی یەكەم بەسەرپەرشتى د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبوونەوەى ژمارە (7)ى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا بە ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى بەڕێوەچوو.

لە دەستپێکى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا سوپاسى سەرجەم زانکۆ حکومییەکانى کوردستانى کرد کە هاوکار و هەماهەنگى وەزارەت بوون بۆ سەرکەوتنى پرۆسەى وەرگرتنى دەرچوانى قۆناغی دوانزەى ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ئەمساڵى خوێندنى (2022-2023).

لە خاڵى یەکەمى بەرنامەى کارى کۆبوونەوە کە بەئامادەبوونى نوێنەرانى دەرچوانى ساڵى ڕابردوى دوانزەى ئامادەیى بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە زیادکردنى کورسى خوێندنى پارالێل لە کۆلێجەکانی کۆمەڵەی پزیشکی، بۆ ئەم پرسە ئەنجومەنى وەزارەت دواى تاوتوێکردنى ورد و گفتوگۆى چڕ و وەرگرتنى وتەى هەریەک لە نوێنەرى خوێندکاران و قوتابیان، بڕیاردرا لە ڕێگەى لیژنەیەکى تایبەتمەند لەو زانکۆیانەى کۆلێجى پزیشکییان هەیە ئەم بابەتە دیراسە بکرێت و دواتر پێشنیازەکانیان بۆ ئەنجومەنى وەزارەت بەرزبکرێتەوە، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

خاڵى دووەمى بەرنامەى کار تایبەت بوو بە یەکخستن و رێکخستنى کرێى خوێندنى پارالێل لە زانکۆکانى کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت کار بۆ یەکخستنی کرێی خوێندنی بەشە هاوشێوەکان لە سەرجەم زانکۆکاندا دەکەن.

لە بەشێکى دیکەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا بڕیاری ئەژمارکردنی ئارەزوومەندانەی نمرەی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام کاتی جێبەجێکردنی بڕیاری هەڵوەشانەوە لەسەر ئەو قوتابی و خوێندکارانە جێبەجێدەکرێت کە لە ساڵی خوێندنی (2025-2026)دا لە پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەبن، واتە لەو ساڵەوە وانەی زمانی کوردی و عەرەبی لە قۆناغی دوانزەی ئامادەیی وەک سەرجەم وانەکانی دیکە لە سیستمی وەرگرتن ئەژماردەکرێت.

لەهەمان ئەو ماوەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا کاردەکات بۆ گۆڕینی سیستمی ناوەندیی وەرگرتن، لە رێگەی هێنانەکایەی تاقیکردنەوەیەکی ستانداردی نیشتمانی بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، کە تیایدا ڕەچاوی خولیا و ئارەزوو و توانای داهێنان و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ئاراستەی پیشەیی خوێندکاران و قوتابیان بکرێت و زانکۆکانیش بەشداربن لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرچووانی ئامادەیی لەسەر بنەما و پرەنسیپەکانی خوێندنی پەیوەندیدار (Relevant Education).

بەپێى خاڵێکى دیکەى بەرنامەى کارى کۆبونەوە، ئەنجومەنى وەزارەت تاوتوێی کۆنفرانسى زانستى تەکنیکى و پیشەیى (TVET) لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بڕیارە لە کۆتاى مانگى داهاتو لەشارى هەولێر ئەنجامبدرێت.

وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، ستراتیژیەتى کارکردنى وەزارەت لەم کابینەیە دابینکردن و پێگەیاندنى کادیرى پێویستە بۆ بازاڕى کارى کوردستان، بەشێوەیەک خاوەن کارامەیى بن و بتوانن تواناکانیان بۆ خزمەتى سێکتەرە جیاوازەکان بەکاربهێنن، بۆ ئەمەش ئاماژەى بەوە کرد وەزارەتى خوێندنى باڵا کاردەکات بۆ فراوانکردنى پانتایى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان لەهەردو کەرتی گشتی وخویندنی تایبەت دا.

دەربارەی ناونیشانى وەزیفى ئەو بەشانەى زانکۆى چەرموو لە چەمچەماڵ کە ناونیشانى وەزیفیان نیە یان ناونیشانەکانیان ڕوون نین، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و کۆنووسى لێژنەى تایبەتمەندى وەزارەتى بەکۆى پێشنیازەکان پەسەندکرد، کە لەپاش کۆبوونەوەیان لەگەڵ خوێندکاران و قوتابیان و وەرگرتنى راى شارەزایان و پسپۆڕانى بوارى کارگێڕى و دارایى، چارەسەری پێویستیان بۆ ئەو بەشانە دیارى کردبوو کە کێشەى ناونیشانیان هەبووە.

بابەتی پێشتر

پەروەردەیەک فۆڕمی وانەبێژی دابەشدەکات

بابەتی دواتر

نێچیرڤان بارزانی بڕیاری لێبوردنی گشتیی دەرکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share