بانکی ناوەندیی عێراق لە راپۆرتێکدا رایدەگەیەنێت، نیازیان نییە بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراقی دابەزێنن، داواش دەکات حکومەت لە رێگەی بەخشینی کۆمەک و هاوكاریی بۆ هەژاران و باشترکردنی کۆبۆنی خۆراک کاربکات بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، “چەند رۆژێک لەمەوبەر وەک لیژنەی دارایی پەرلەمان، پرسیارمان لە پارێزگاری بانكی ناوەندیی كرد سەبارەت بە دەنگۆی دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، لە وەڵامدا کە لە دووتوێی راپۆرتێكدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە نیاز نییە گۆڕانكاری لە بەهای دۆلاردا بکات”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “بانکی مەرکەزیی پێی وایە نرخی ئێستای دۆلار کۆمەڵێک دەرەنجامی پۆزەتیڤی هەبووە و تا رادەیەکی باش كورتهێنانی لە بودجەی حکومەت کەمکردووەتەوە وێڕای ئەوەی حکومەت لەو رێگەیەوە توانیویەتی بەشێك لە قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیشی بداتەوە، دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ بەهێزکردنی توانای کێبڕکێی بەرهەمی خۆماڵی و کەمکردنەوەی خواستە لەسەر هاوردەی بیانی”.
ئاشکراشی کرد، “گۆڕانكاریكردن لە نرخی دۆلار لە ماوەی لێکنزیکدا ناجێگیری دروست دەکات لە بازاڕی دراو و دەبێتە مایەی بێ متمانەیی بە دینار و دروستکردنی كاریگەریی خراپ لەسەر چالاکی ئابووری و رەوشی وەبەرهێنان و زیادبوونی چالاکی مزارەبە بە دراو”.
باسی لەوەش کرد، “سەبارەت بە کاریگەرییە خراپەکانی نرخی ئێستای دۆلار لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك بەتایبەت بۆ كەمدرامەتەكان، بانکی ناوەند پێی وایە دەکرێت حکومەت لە رێگەی بەخشینی کۆمەک و هاوكاریی بۆ ئەو توێژانە و هەروەها لە رێگەی باشترکردنی کۆبۆنی خۆراک کاربکات بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار نەک گێڕانەوەی بۆ نرخە کۆنەکەی”.