توركمانەكان داوای وەزارەت دەكەن

بەرەی توركمانی داوای پۆستی وەزاری لە حكومەتی نوێی عێراق دەكات و دەڵێت، “خوێنمان داوە”.

حەسەن تۆران سەرۆكی بەرەی توركمانی رایگەیاند، “وەك لیستی بەرەی توركمانی بە لامانەوە سەیرە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو و ئەو لایەنانەی پشتیوانیدەكەن، كورسییەكی وەزارییان بۆ توركمان كە سێیەم سەرەكیترین پێكهاتەیە دیارینەكردووە”.

تۆران ئەمڕۆ یەكشەممە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی بۆ داواكارییەكەیان رێكخست و جەختیكردەوە، نەتەوەی توركمان قوربانیی داوە و خوێنی بەخشیوە لە پێناو “یەكپارچەیی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”.

بەپێی وتەی سەرۆكی بەرەی توركمانی، توركمانەكان پەراوێزخراون و داوای لە لایەنە سیاسییەكان كرد پێداچوونەوە بە هەڵوێستەكانیاندا بكەن و وتی، “داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین دەستوەردان بكات و فشار بخاتەسەر لایەنەكان بۆ ئەوەی توركمانەكان پشكیان لە حكومەتی نوێی عێراقدا هەبێت”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share