ماوەی دوو رۆژە بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن و شەقامی سەرەكیی بەردەم زانكۆ دادەخەن، ئەمەش گرفتی بۆ هاوڵاتییان دروستكردووە.
ئامانجی خۆپیشاندانەكە ناڕۆشنە، لەنێوان ناڕەزایی بەرامبەر نمرەی وەرگیراوانی ئەمساڵ، داواكردنی دەرماڵە تا دەگاتە دامەزراندن ون بووە.
خوێندكارێكی زانكۆكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، داواكاریی سەرەكیی خۆپیشاندانەكە روون نییە و هەر كەس و گروپێك لای خۆیەوە جۆرە داوایەكی هەیە.
خۆپیشاندانەكە سەرەتا بەرامبەر جیاوازی نمرەی وەرگیراوانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو بوو، دواتر باس لە دواكەوتنی دەرماڵە دەكرا، ئەمڕۆش هەندێك لە خوێندكاران بۆ میدیاكان داوای دامەزراندنیان دەكرد، وەك ئەوەی ئەو خوێندكارە كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت ئاماژەی پێدا.
هەروەك دیمەنێكی ڤیدیۆیی كە تیایدا ژمارەیەك خوێندكار لەسەر شەقامی سەرەكی دانیشتوون و یاری دەكەن كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.