ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کاروباری سەربازی، ئاسکرایکرد، 22 وڵات داوایانکردووە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان پێبفرۆشین.
یەحیا ڕەحیم سەفەوی لە کۆنگرەی “زانست و تەکنەلۆژیا” لە تاران ڕایگەیاند، “ئێران ئێستا 80%ی پێداویستییە سەربازییەکانی لە ناوخۆ بەرهەمدەهێنێت، هەروەها 22 وڵات داوایان لێکردوون کە درۆنە ئێرانییەکانیان پێبفرۆشن”.
لەکاتێکدا پێشتر مەهدی فەرحی جێگری وەزیری بەرگریی ئێران باسی لەوەکردبوو، ئاستی هەناردەی وەزارەتی بەرگری سێ هێندە زیادیکردووە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا.
لەلایەکی دیکەوە ڤیدانت پەتیل جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، “هەر لایەنێك مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بكات لە بوارەكانی پەیوەست بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكی بالیستی و گواستنەوەی چەكدا، دەبێت زۆر وریابێت”.
پەتیل جەختیكردەوە كە ئەمریكا سڵناكاتەوە لە سەپاندنی سزا و گرتنەبەری رێكاری دیكە بەرامبەر بەو كەس و لایەنانەی لەو دۆسیانەدا تێوەگلاون و ئاشكرایكرد كە لە نزیكەوە چاودێریی ئەو دۆسیانە دەكەن.