بەرپرسێكی كۆمسیۆنی هەرێم روونكردنەوە لەسەر چۆنیەتیی پركردنەوەی كورسی ئەو پەرلەمانتار و فراكسیۆنانە دەدات كە دەیانەوێت دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكەن و رێكارەكانی ئاشكرادەكات.
شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم ڕایگەیاند، سەبارەت بەو پرسیارانەی ئاڕاستەمان دەکرێن لەسەر کشانەوەی ئەو فراکسیۆن و پەرلەمانتارانەی پەرلەمانی کوردستان، كە دوای درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان دەیانەوێت وازهێنان پێشکەش، ئێمە نامانەوێت باسی یاسایی بوون یان یاسای نەبوونی ئەو کارە بکەین، ئەوە پەیوەستە بە فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، پێشتر ڕای فەرمی خۆمان داوە کە ئێمە لەگەڵ ئەوەدا بووین هەڵبژاردن لەکاتی خۆی ئەنجامبدرێت.
وتەبێژی كۆمسیۆن لە چەند خاڵێكدا رێکارە یاساییەکان رووندەكاتەوە:
1- هەر فراکسیۆنێك یاخود ئەندام پەرلەمانتارێك دەست لەکاردەکێشێتەوە، دەبێت بە نووسراوی فەرمی داواکاری خۆی پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات و روونیبکاتەوە ئایە دەیەوێت مووچەرو ئیمتیازی پەرلەمانتاری وەربگرێت، یاخود رەتیدەکاتەوە یان دەگەڕێتەوە سەر پیشەکەی پێشتری.
2- سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان نووسراوێك ئاڕاستەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم دەکات و داوای ریزبەندی دەنگی پاڵێوراوانی ئەو لیستە دەکات کە لەدوای ئەو پەرلەمانتارانە دێن، چەند پاڵێوراویان پێویست بێت ئەوەندە دەنگی پاڵێوراوە پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکرێت.
3- سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پرۆسەی متمانەی ئەو پەرلەمانتارانە دەخاتە بەرنامەی کاری خۆی و پاڵێوراو ئاگاداردەکرێتەوە کە لە دانیشتنی پەرلەمان ئامادەبێت و سوێندی یاسایی بخوات و متمانەی پێدەدرێت و دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان.
4- لەکاتێكدا ئەگەر ئەو لیستە پاڵێوراوەکانی بە ریزبەندی ئامادەنەبوون شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکان پڕبکەنەوە، یاخود یەدەگی پاڵێوراویان نەبوو بۆ پڕکردنەوە، ئەوکات سەرجەم دەنگی ئەو قەوارەیە کە لە هەڵبژاردن بەدەستیهێناوە بووە بە کورسی پەرلەمانی دابەشی قەوارە براوە بەشداربووەکانی تری ناو پەرلەمان دەکرێت بەپێی ریزبەندی کورسی و دەنگەکانیان، بۆ نموونە ئەگەر فراکسیۆنێك دەستلەکاربکێشێتەوە خاوەنی (10) کورسی پەرلەمانی بێت و لەناو لیستەکەی خۆی پاڵێوراوەکانی ئامادەنەبن کورسیەکان پڕبکەنەوە ئەوا ئەو (10) کورسیە دابەشی ئەو فراکسیۆنانەی ناو پەرلەمان دەکرێن بەپێی ریزبەندی ئەو دەنگانەی بەدەستیانهێناوە، ئەوكات رەنگە فراکسیۆنی پەرلەمانی واهەبێت دوو کورسی بەربکەوێت هەندێك یەك کورسی و هەندێك فراکسیۆن رەنگە هیچ کورسییەكی بەرنەکەوێت.
لە كۆتایشدا وتەبێژەكەی كۆمسیۆن دەڵێت، ئێمە لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە ئەرکی پیشەی خۆمان دەزانین بەوپەڕی ئەمانەت و بەبێ کاریگەری و بەرژەوەندی هیچ لایەنێك زانیارییەکانی خۆمان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کورستان بکەین. هیوادارین ئەوانیش بەئەرکی یاسای خۆیان هەستن بۆ بریاردان لەسەر ئەو پڕۆسەیە.