بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی بازرگانێكیان لە دەستی چوار چەكدار ڕزگاركرد كە بە جلوبەرگی سەربازییەوە هەڵیان كوتابووە سەر ماڵەكەی.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە كاتژمێر 4:10 خولەكی بەیانی چەند كەسێكی دەرچوو لە یاسا بەجلوبەرگی سەربازی و چەكەوە ھەڵدەكوتنە سەرماڵی ( یونس قادر ئەحمەد ) لە گەڕەكی ئاشتی لە شاری سلێمانی كە پیشەی بازرگانە و یەكێكە لە سەرمایەدارەكان و دەیفڕێنن و ئۆتۆمبێلكەی لەجۆری لێكزز و بڕێكی پارە و زێر دەدزن و ھەڵدێن.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای ئاگاداركردنەوەی ھێزەكانمان و دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەی ورد سەرەداو دەستكەوت كە ئەم تاوانكارییە لە ڕێگای گروپێكەوە ئەنجامدراوە كە پێكھاتبوون لە كورد و عەرەب ، سەرئەنجام لەسەر پێشنیازی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ژوورێكی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق پێكھێنراو شوێنی تۆمەتباران ئاشكراكرا كە بەرەو بەغداد ھەڵاتوون.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، دوای رەزامەندیی دادوەر تیمێكی تایبەتی ئاسایشی سلێمانی ھەمان ڕۆژ گەیشتنە دیالە و بە ھاوبەشی ھێزەكانی ئاسایشی نیشتمانی توانرا لە ھەڵمەتێكی سەركەتوودا دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی ( ئ ، م ) و ( ھ . ی ) دەستگیربکرێن و ھاوڵاتیی بارمتەكراو یونس قادر ئەحمەد یش رزگاربكەن.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، دواتر لێكۆڵینەوەكان چڕتركرانەوە و لە دوو ھەڵمەتی جیادا ڕۆژی پێنج شەممە لە قەزای كفری گەرمیان تۆمەتبار ( م . م ) دەستگیركراو ڕۆژی 14/ 10/ 2022 لە سلێمانی تۆمەتبار ( ح . ع ) دەستگیركرا و لەلایەن ھێزەكانیشمانەوە دەست بەسەر جبەخانە و چەك و جلوبەرگە سەربازییەكانیشدا گیرا و بۆ ھەموولایەكی ڕووندەكەینەوە ئاشكراكردنی ئەم گروپە و دەستگیركردنی ژمارەیەك لە تۆمەتباران لەماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێر بەرئەنجامی شەونخونی و كاركردنی بەردەوامی ھێزەكانمان بوو ، كە وەك ھەمیشە ئامادە و سازبوونە لەپێناو ئاسایش و ئارامی ھەرێم و پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتییان.