بەهۆی ڕاكێشانی بۆرییەكی كۆمپانیای كار بەسەر زەوییەكانیاندا، جوتیارانی گوندێكی سنووری قەزای خەبات گردبوونەوە و هێزێكی زێرەڤانی ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی دەستكردن بە پڕۆژەی ڕاكێشانی بۆرییەكی كۆمپانیای كارگرووپ بەسەر زەویی كشتوكاڵیی جوتیارانی سنووری گوندی گردەڕەش لە ناحیەی كەورگۆسكی سەر بە قەزای خەبات، جوتیاران گردبوونەوە و ناڕەزایی دەردەبڕن.
بۆرییەكە لە خەباتەوە بۆ كێڵگەی نەوتی خورمەڵە ڕادەكێشرێت و بەناو ڕووبەرێكی فراوانی زەویی جوتیاراندا تێپەڕدەبێت و بەشێك لەو جوتیارانەی قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا كردووە، ڕاكێشانی بۆرییەكە بە داگیركردنی زەوییەكانیان ناودێردەكەن.
پەیامنێری ئێستا لە زاری یەكێك لە جوتیارەكانەوە گواستییەوە، پێشتر كۆمپانیاكە بەڵێنی بە خاوەن زەوییەكان داوە قەرەبوویانبكاتەوە و هەلی كاریان بۆ دەستەبەربكات، بەڵام لەو بڕیارە پاشگەزبووەتەوە و بە جوتیارانی ڕاگەیاندووە كە قەرەبووناكرێنەوە.
ڕاشیگەیاند، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژ بەو گۆڕانكارییە، جوتیاران گردبوونەتەوە و ڕێگەنادەن بۆرییەكە بەناو زەوییەكانیاندا ببرێت، لە بەرامبەردا هێزێكی زێرەڤانی لەو شوێنە بڵاوبوونەتەوە.