دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕایگەیاند، بڕیاری وەزارەتی پەروەردە بە دەرچواندنی ئەو خوێندکارانەی لە وانەی زمانی کوردیدا کەوتوون دژی ماددەی چواری دەستووری عێراقە.
ڕوونکردنەوەیەک لە دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ” بە داخەوە جارێکی تر و بە شێوازێکی تر زمانی کوردی فەرامۆش دەکرێت و پێچەوانەی دەستوور و بنەماکانی ژیانی هاوبەش وەزارەتی پەروەردەی عێراقی بە نووسراوێک وانەی کوردی لە پەروەردەی عەرەبیدا بێبایەخ دەکات و ڕایدەگەیەنێت هەر خوێندکارێک لە وانەی کوردی دەرنەچێت بە کەوتوو هەژمار ناکرێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد،” ئەم هەوڵە جگە لەوەی ئاستی زانستی خوێندکار دەخاتە ژێر پرسیارەوە، پێچەوانەی ماددەی چواری دەستوری عێراقیشە کە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بە فەرمیی ناساندووە”.
ئاشکراشیکرد، “ئێمە سەرباری نیگەرانیمان لەم هەوڵانە داوای ڕوونکردنەوەی بڕواپێکراویش لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەکەین و داوا لە فراکسیۆنە کوردیەکانیش دەکەین ئەم پێشێلکردنی یاسا و بێبایەخ کردنانەی کە دەرهەق بە زمانی کوردی دەکرێت بیانهێنێتە دەنگ و ڕێ و شوێنی یاسایی پێویست بگرنەبەر”.