ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی شەهیدکردنی عەقید هاوکار بڵاوکردەوە و داوای لە هێزە ئەمنییەکان ھەرێم لە لێکۆڵینەوەکانیاندا وردبن و ڕاستی ڕووداوەکە و تۆمەتباران بۆ ڕای گشتی ئاشکرابکەن.
ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ” پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 7 ی تشرینی یەکەمی 2022 لە ڕووداوێکی نەخوازراودا لە شاری ھەولێر، ئۆتۆمبێلەکەی عەقید ھاوکار عەبدوڵا ناسراو بە ( ھاوکار جاف ) کرایە ئامانج و بە داخەوە شەھیدکرا”.
لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ” شەھید ھاوکار كە پێشتر لەئەرک و فەرمانی فەرمیدا بوو ڕۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە ھێزەکانی دژە تیرۆر و بواری ئەمنیدا و خزمەتی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کردووە”.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری هاتووە، ” وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی، پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان دەکەین کە نموونەیەکی بەرزی قوربانیدانن، ھیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین ، داواش لەھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم دەکەین لە لێکۆڵینەوەکانیاندا وردبن و ڕاستی رووداوەکە و تۆمەتباران بۆ ڕای گشتی ئاشکرابکەن و ڕووبەڕووی دەسەڵاتی دادوەریان بکەنەوە و سزای یاساییان بەسەردا بسەپێنن”.