نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، عێراق بە مەترسیدارترین قۆناغدا تێدەپەڕێت و ڕاشیدەگەیەنێت، دەبووایە ئەم مانگە لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن.
ئەمڕۆ سێشەممە، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دۆخی عێراقەوە دەستیپێكرد، جێنین پلاسخارت ڕاپۆرتێكی لەبارەی عێراقەوە پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، 11 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی عێراقدا تێپەڕیوە و تائێستا حكومەت پێكنەهێندراوە و عێراق بە مەترسیدارترین قۆناغدا تێدەپەڕێت و هەموو هەوڵێكمان دا دیالۆگ لە عێراق سەركەوتوو بێت، بەڵام گروپە چەكدارییەكان هەڕەشەن لەسەر عێراق و ئێستاش دۆخی عێراق بە ڕادەیەك هەستیارە مەترسی هەیە لەهەر حاڵەتێكدا بێت دۆخەكە ئاڵۆزبێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، پێویستە سەركردەكانی عێراق داواكارییەكانی هاوڵاتییان جێبەجێبكەن، سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش پلاسخارت ڕایگەیاند، “دەبووایە ئەم مانگە لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن ئەنجامبدرایە، بەڵام تائێستا لایەنە سیاسییەكان لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن”.