ئێشكگری كەناراوەكانی سوید دەڵێت، هیچ دزەكردنێكی غاز لە دەریای بەڵتیك لە بۆری “نۆرد ستریم 1” نابینرێت، بەڵام دزەكردنێكی كەم لە هێڵی “نۆرد ستریم 2” تائێستا بەدیدەكرێت.
ئێشكگری كەناراوەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی، دزەكردنە گەورەكە لەئێستادا لەسەر ڕووی دەریاكە نابینرێت، بەڵام دزەكردنە بچوكەكە بەبڕێكی كەم زیادیكردووە.
ئاشكراشیكرد، تیرەی دزەكردنەكەی پێشوو 30 مەتر بوو.
ڕۆژی شەممە وتەبێژ بەناوی كۆمپانیای “نۆرد ستریم ئەی جی” كارپێكەری بۆرییەكان ڕایگەیاند، دزەكردنەكەی نۆرد ستریم 2 ڕاوەستاوە “پاش ئەو هاوسەنگییەی لەنێوان پەستانی غاز و پەستانی ئاودا هێنراوەتەدی”.
دزەكردنەكان هەفتەی ڕابردوو لە دەریای بەڵتیك لە نزیكەی دوورگەی نۆرنهۆلم-ی دانیمارك-ی بەدیكرا.
هەریەك لە مۆسكۆ و واشنتن ڕەتیانكردەوە هیچ پەیوەندییەكیان بە ڕووداوەكەوە هەبێت، پاش ئاڵوگۆڕی یەكتر تۆمەتباركردن.
پێشتر دەسەڵاتدارانی دانیمارك پێشبینییان كردبوو ئەو بڕە غازەی لە دوو هێڵەكەدایە تا یەكشەممە دزەدەكاتە دەرەوە. دوو لە دزەكردنەكان لە ناوچەیەكی ئابوریی سویددا بوو، دووانی دیكەش لە ناوچەی دانیمارك.
ڕوسیا هەناردەی غازی بۆ ئەوروپا بڕی، لە هەنگاوێكدا كە باوەڕوایە وەڵامدانەوەی سزاكانی ڕۆژئاوا بێت، بەڵام دوو بۆرییەكە غازیان تیابوو، سەرەڕای لە كار ڕاگرتنیان.
دەریای بەڵتیک (Baltic Sea)، دەریایەکی زەریای ئەتڵەسییە دەکەوێتە باکووری ئەوروپا، هاوسنووری وڵاتانی سوید، فینلەندا، دانیمارک، ڕوسیا، ئەستۆنیا، لاتیڤیا، لیتوانیا، پۆڵەندا و ئەڵمانیایە.