فراكسیۆنی یەكێتی: سەرۆك مام جەلال هەمیشە چەتری كۆكردنەوەی ناكۆكەكان و هەوێنی ئاشتی و پێكەوەژیان بوو

لە ساڵڕۆژی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و جەختدەكەنەوە، “سەرۆك مام جەلال هەمیشە چەتری كۆكردنەوەی ناكۆكەكان و هەوێنی ئاشتی و پێكەوەژیان بوو”.

لە ڕاگەیەندراوی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هاتووە، “پێنج ساڵ لەمەوبەر دڵە گەورەكەی سەرۆك مام جەلال لە لێدان كەوت، عێراق و هەموو ئازادیخوازان و ئاشتیخوازان ڕابەر و سەرۆكێكی ناوازەی مێژووییان لەدەستدا كە زیاتر لە شەش دەیە تەمەنی بۆ بەدیهێنانی ئازادی و ئاشتی و دیموكراسی لە عێراق و ناوچەكەدا تەرخانكرد”.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، “ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال هەموو پێكهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و ئازادیخوازان تاساند و بووە ڕووداوێكی گرنگی جیهانیی، سەرۆك مام جەلال لەتافی لاوێتییەوە تا بوو بە یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی عێراقی فیدڕاڵ، بێدرێغی كاری بۆ بەدیهێنانی دیموكراسی بۆ عێراق و چارەسەركردنی ئاشتییانەی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان كرد، لە قۆناغی خەباتی ڕزگاریخوازی و شۆڕشدا، مام جەلال نموونەی باڵای سەركردە و ڕابەرێكی پشوودرێژ و بەورە و ئازابوو، كە هەرچی زەبرو زەنگ و دڕندەیی ڕژێمی بەعس هەبوو نەیتوانی ئیرادەی لاوازبكات، تا سەرەنجام لە 1991لە بەشێكی زۆری كوردستان و دواتر لە 2003دا هەموو عێراق ئازاد كرا”.

فراكسیۆنی یەكێتی جەختدەكاتەوە، “سەرۆك مام جەلال جگەلەوەی سەركردەیەكی گەورە و كاریگەری ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بوو، لەهەمان كاتدا پشت و پەنای هەموو ئازادیخوازان و ئۆپۆزسیۆن و نیشتمانپەروەرانی عێراق بوو. لە دوای ئازادكردنی عێراق و بونیادنەوەی سەرۆك مام جەلال بەیەك مەودا لەگەڵ هەموو پێكهاتە و هێزە سیاسیەكان وەستا و هەمیشە چەتری كۆكردنەوەی ناكۆكەكان و هەوێنی ئاشتی و پێكەوەژیان بوو، هەربۆیە لەكاتی نەخۆشكەوتنیدا سەماحەتی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی نازناوی (صمام الامان) ی پێبەخشی”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی یەكێتیدا هاتووە، “ئێستا كە ساڵڕۆژی ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال دەكەینەوە، لە هەموو كات زیاتر پێویستیمان بە ڕوانگە و فكر و ئەزموونی سەرۆك مام جەلال هەیە، بۆ كۆتاییهێنان بە ناكۆكییە قووڵە سیاسییەكان و چەسپاندنی تەبایی و پێكەوەژیان و خزمەتكردنی گەلانی ستەمدیدەی عێراق”.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە،” ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتی وەك خوێندكاران و گۆشكراوانی سەرۆك مام جەلال، بەڵێن دووپاتدەكەینەوە درێژەپێیدەری ڕێگا و فكر و ئەزموونەكەی بین”.

بابەتی پێشتر

مەترسییەكانی سەر مووچە و بودجە لە ساڵی 2023دا چین؟

بابەتی دواتر

زانیاریی نوێ لەبارەی دابەشكردنی نەوتی سپی بۆ وەرزی زستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share