چوارەم دزەکردنی نۆرد ستریم کاریگەریی وێرانکەری ژینگەیی دەبێت

دزەکردنی بەرفراوانی گاز لە دوو گەورەترین بۆری غاز کە ڕووسیا بە ئەوروپا دەبەستنەوە دەبێتە هۆی دەردانی بڕێکی زۆر گازی سروشتی، ئەوەش کاریگەریی وێراکەریی ژینگەیی دەبێت.

لە ڕۆژی دووشەممەوە گاز لە هەردوو هێڵی نۆرد ستریم 1 و 2ـوە دەردەچێت، دوای ئەوەش سێ دزەکردنی نهێنی لە سیستەمەکەدا دەرکەوتووە.

بەپێی وتەی پسپۆڕان، ڕێژەی دزەکردن لە کاتژمێری یەکەمدا 500 تۆن بووە.

وتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکانی سوید بە ڕۆژنامەی سڤێنسکا داگبلادێتی ڕاگەیاندووە، پاسەوانی کەناراوەکان چوارەم دزەکردنی گازیان لە هێڵی نۆرد ستریم کە تێکچووە دۆزیوەتەوە.

جێنی لارسۆن وتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکان ئێوارەی چوارشەممە بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، “دوو لەو (چوار) شوێنی دزەکردنە لە ناوچەی ئابووریی تایبەتی سویدن ” . دووەکەی تر دەکەونە ناوچەی ئابووریی تایبەتی دانیمارک .

یەکێک لەو دزەکردنانە ناوچەیەکە بە پانیی سێ هەزار پێ بە بڵقی میسان و ماددە کیمیاییە گازییەکانی دیکەیە لەسەر ڕووی دەریای بەڵتیک، لە کەناراوەکانی سوید.

میسان گازێکی گەرمکەرە، واتە ئەگەر لە بەرگە هەوادا دەربچێت، گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی ئاووهەوا توندتر دەکات.

میسان بە ئاسانی لە ئاوی دەریادا ناتوێتەوە، ئەمەش مەترسی لەسەر ئەو ماسیانە دروست دەکات کە لەوانەیە لەناو ستوونی گازدا گیر بخۆن، ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای هەناسەدانیان دەبێت.

میسان دووەم گەورەترین هۆکاری گۆڕانی ئاووهەوایە دوای دووەم ئۆکسیدی کاربۆن .

میسان زیاتر لە 80 هێندەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کاریگەرە لە هێشتنەوەی گەرمی لە 20 ساڵی یەکەمدا دوای ئەوەی دەگاتە بەرگەهەوا .

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەم بڕە میسانە لە ماوەی 100 ساڵدا هەمان توانای لە گەرمبوونی جیهاندا دەبێت کە شەش ملیۆن تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی هەیەتی.

سەرۆکی دەزگای وزەی دانیمارک، کریستوفر بۆتزاو، هۆشداریدا لەوەی کە دزەکردنی بۆریی نۆرد ستریم کە بڕێکی زۆر گازی سروشتی بۆ دەریای باڵتیک دەگوازێتەوە، دەتوانێت یەک لەسەر سێی کۆی گشتیی دەردانی گازە گەرمکەرەکانی دانیمارک دەربدات.

داواکاری گشتیی ڕوسیا ڕایگەیاند، خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی ڕووسیا لێکۆڵینەوەیان لە ئەگەری “کردەوەیەکی تیرۆریستی نێودەوڵەتی” کردووە، دوای ئەوەی هێڵەکانی گازی نۆرد ستریم لە دەریای باڵتیک تێکچوون .

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “نزیک دوورگەی (دانیمارک)ی بۆرنهۆڵم، کردەوەی بە ئەنقەست ئەنجامدرا بۆ زیانگەیاندن بە بۆریە گازیەکانی نۆرد ستریم 1 و نۆرد ستریم2.

بڕیاریشە ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر داوای ڕوسیا ڕۆژی هه‌ینی کۆببێته‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنی پرسی دزه‌كردنه‌وه‌كه‌.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت دابەزی

بابەتی دواتر

هاتوچۆی هەولێر دەست بە گۆڕینی تابلۆی بارهەڵگرەکان دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share