یەكێتی و پارتی واژوویان لەسەر كارنامەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێكهێنانی حكومەت كرد.
د. سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە شاندێك و پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە شاندێك دانوستانیان كردووە و دواتر هەردوولا واژوویان لەسەر كارنامەی هاوپەیمانیی بەرێوەبردنی دەوڵەت بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی عێراق كردووە”.
ڕاشیگەیاند، لەناو هاوپەیمانێتییەكەدا جگە لە یەكێتیی و پارتی چێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانیی سەروەری و عەزم و بزوتنەی بابلیون بەشدارن و یەكێتیش ئامادەیە بۆ قۆناغێكی نوێی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ژمارەیەك خاڵ و داواكاریی لایەنەكانی كورد و شیعە و سوننە لە كارنامەكەدا جێگیركراوە و یەكێتیی و پارتی هاوڕان كە دەبێت كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێبكاتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و ڕاسپاردنی سەرۆكی حكومەت و پرسی پێكهێنانی كابینەی حكومی لە ڕێگەی پەرلەمانەوە.