نوێنەرانی خوێندكارانی ناڕازیی زانكۆ و پەیمانگاكان داوای خەرجكردنی دەرماڵە بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش داوای پشتیوانی لەلایەن و كەسایەتییەكان دەكەن.
لە پەیامی نوێنەرانی خوێندكارانی ناڕازیی زانکۆ و پەیمانگاکانی سنووری پارێزگای سلێمانی-دا هاتووە، لە ماوەی ڕابردوودا وەک خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە هەرێمی کوردستان بۆ داواکردنی مافە سەرەتاییەکانی خوێندکاران خۆپیشاندانی فراوانمان ئەنجامدا و بەرهەمی خۆپشاندانەکانمان ناچارکردنی حکومەتی هەرێم بوو بە تەرخانکردنی بودجەیەکی دیاریکراو بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پێدانی پاڵپشتی دارایی بە خوێندکاران بە بڕیارێکی وەزارەتی دارایی بۆ ماوەی شەش مانگ لە ساڵی خوێندنی 2021/ 2022.
دەشڵێت، لە پاش وەرگرتنی دەرماڵەی شەشەم پێویست بە بڕیارێکی نوێ دەکات کە ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر بدات و وەزارەتی دارایی دووبارە ڕێنمایی بۆ دەربکات یان ڕێنماییەکەی ساڵی پار درێژەپێبدات، بۆ ئەو مەبەستە وەزیری خوێندنی باڵا بە سوپاسی زۆرەوە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 2022/9/7ی ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیەکی پێشکەش کردووە کە تیایدا داوای بەردەوامیدان و زیادکردنی بڕی دەرماڵە دەکات بۆ ساڵی نوێی خوێندن.
نوێنەرانی خوێندكارانی ناڕازی بۆ ئەو مەبەستە داوای پشتیوانی لە لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتییەكان دەكات و دەڵێت، داواکارین ئەو دامەزراوانەی پەیوەندیدارن بە لایەنە یاسایی و کارگێڕییەکان، ئەم بابەتە بەزووترین کات تێپەڕێنن تاوەکو دۆخی هەرێمی کوردستان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی ڕووداوە تراژیدییەکانی ساڵی ڕابردوو تیایدا دووبارە نەبێتەوە و دەرگای زانکۆ و پەیمانگاکان دووبارە دانەخرێت و خوێندکار دووبارە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن نەکات کە بەهیچ جۆرێک خوازیاری ئەوە نین.