ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەت پاشەكەوتی مووچە نەگەڕێنێتەوە نابێت داوای پارەی ئاو و كارەبا بكات.
كاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە ماوەكانی ڕابردوودا بە پڕۆژەیاسا داوامانكرد دەبێت بڕی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بە یاسا جێگیربكرێت و پڕۆژەیەكمان پێشكەشكردووە بۆ ئەوەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بتوانن، بەشێوەی خواست، بەشێك لە مووچە پاشەكەوتكراوەكانییان بڕیەكبخەن “مقاصە”، كە بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێنكراون:-
پابەندییە داراییەكانی حكومەتی هەرێم:-
یەكەم/ بڕی مووچەی پاشەكەوتكراوی مووچەخۆران لای حكومەتی هەرێم، دە ملیار و سێ سەد و نەوەد و پێنج ملیۆن و سەد و حەفتا هەزار دۆلار.
دووەم/ بەڵێندەران (بودجەی بەكاربەر)پێنج سەد و چل و حەوت ملیۆن دۆلار
سێیەم/ بەڵێندەران بودجەی وەبەرهێنان هەشتا ملیار دینار
چوارەم/ چەند جۆرێكی دیكەی پابەندی هەیە، كە لە كاتێكی دیكەدا ئاماژەیان پێدەكەین
پێنجەم/ لە بەرامبەردا هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان، نزیكەی یەك ملیار دۆلار پابەندی داراییان لەسەرە و بەشێكی ئەمە بۆ كارەبایە كە لە باشترین كاتدا ناگاتە 14 كاتژمێر و بەشەكەی دیكەی لە مووچەی مانگانەی فەرمانبەران لێبڕینی لێدەكرێت واتا حكومەتی هەرێم پارە لە هاوڵاتییان وەردەگرێتەوە بەشێوەیەكی پابەندی، بەڵام ئامادەنەبووە پارەی پاشەكەوتكراو و لێبڕینی مووچە بگێڕێتەوە بۆ مووچەخۆران.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، “حكومەتی هەرێم پابەندە بە داناوەی قەرزەكان و مافی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستانە لەسەر حكومەتی هەرێم و بەپێچەوانەوە هەر قسەیەكی دیكە لەسەر ئەم بابەتە لەدەرەوەی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكانە و كەواتە حكومەت یان نابێت، چاوەڕوان بێت هیچ كەسێك پارەی ئاو، كارەبا و پابەندە داراییەكانی دیكە بگێڕێتەوە، یان دەبێت بێتە ژێرباری گەڕاندنەوەی و بڕیەكخستنی مووچە كە بە نایاسایی بڕدراوە و پاشكەوت لەسەر مووچە كراوە”.