موقتەدا سەدر مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنێت تا ئەوكاتەی توندوتیژی و بەكارهێنانی چەك ڕادەوەستێت، وەك ئەوەی سەركردەیەكی ڕەوتەكەی ئاشكرایكردووە.
حەسەن عزاری، سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، موقتەدا سەدر مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنێت، تا ئەوكاتەی توندوتیژی و بەكارهێنانی چەك ڕادەوەستێت.
وتیشی، “لابردنی گەندەڵكاران پاساو ناداتە هیچ كەسێك بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی، لە هەموو لایەنەكانەوە”.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ ئایەتوڵلا كازم حائیری مەرجەعی ئاینیی سەدرییەكان وازهێنانی لە مەرجەعیەت و، موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر وازهێنانی تەواوەتی خۆی لە كاری سیاسی ڕاگەیاند، خۆپیشاندەرانی لایەنگری ڕەوتی سەدر چوونە ناو بینا حكومییەكان لە بەغداد و هەندێك پارێزگای دیكە.
دواتریش گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، هەروەها گروپە چەكدارییەكانی سەر بە لایەنە شیعییەكان دروستبوو.