دەستەی مافی مرۆڤ لەبارەی “دەرکردنی” نەخۆشێک هاتەدەنگ

دەستەی مافی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، ئەو هاوڵاتییەی کە دەوترا لەنەخۆشخانەی شار “کراوەتە دەرەوە، براوەتە نەخۆشخانەکە، فریاگوزاری تەندروستیی بۆ کراوە و بڕیارە دوای چاکبوونەوەی بەتەواوەتی ببرێتە خانەی بەساڵاچوان.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە،”لە دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێك دەربارەی دەرکردنی هاوڵاتییەکی بەساڵاچوو لە نەخۆشخانەی (شار) لە سلێمانی، نوسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی ڕاسپێردراو دەستی بە بەدواداچوون و چاودێری کرد بۆ دۆخی مرۆیی ئەو کەسە و گەیشتینە ئەو ئەنجامەی، ئەو کەسە بە ڕەگەز عەرەبە و خەڵکی پارێزگای ئەنبارە، بە وتەی بەرپرسانی نەخۆشخانەی شار، پۆلیسی سلێمانی لە گەڕەکی (چوارچرا)وە هێناویانە بۆ نەخۆشخانەکە و پۆلیس وتووانە لە لایەن کەسوکاریەوە فڕێدراوە و باری دەرونی ناجێگیرە و قسە ناکات و هیچ ناسنامەیەکی پێ نییە”.

باسی لەوەشكردووە، “بە وتەی ئیدارەی نەخۆشخانە و لێپرسراوی بەشی پێشوازی نەخۆشخانەی شار ئەو هاوڵاتییە فڕێ نەدراوەتە دەرەوەی نەخۆشخانەکە وەک ئەوی باسکراوە، بەڵکو هێنراوەتە بەردەم نەخۆشخانە و یەکسەر فریاگوزاری تەندروستی بۆ کراوە و خواردنی پێدراوە و خراوەتە ژێر چاودێری چڕی تەندروستیەوە و دۆخی بەرەو باشترە”.

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە،”لە دوای بەدواداچونی زیاترمان بۆ ئەم بابەتە پێیان ڕاگەیاندین کە ناکرێت ئەم هاوڵاتییە لە نەخۆشخانە بهێڵرێتەوە، چونکە لە دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست دەبێت یان کەسوکاری بێن بیبەنەوە ماڵیان یان لە خانەی بەساڵاچوان دابنرێت، ئێمە بەدواداچونمان بەردەوامە و لە دوای پەیوەندیکردنمان بە بەرپرسی کارگێڕی نەخۆشخانەوە نوێنەری نوسینگەمان ناردوە بۆ سەردانی نەخۆشەکە و وەرگرتنی زانیاری زیاتر، بۆ ئەو مەبەستە”.

ڕوونیشیكردووەتەوە، “لە ئێستادا قسەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچوانی سلێمانی کردووە بۆ ئەوەی کاتێک دۆخی تەندروستی باش بێت هەوڵبدرێت لەوێ ودابنرێت و چاودێری بکرێت، بۆیە لەئێستادا ناوبراو لەژێر چاودێری تەندروستی دایەو هەرکاتێک باشتربوو دەبرێتە خانەی بەساڵاچوان”.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) ئارسیناڵ به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ بۆرنمۆس گه‌ڕایه‌وه‌ لووتکه‌

بابەتی دواتر

له‌ توركیا 31 كۆچبه‌ری خه‌ڵكی شاره‌كانی هه‌رێم ده‌ستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share